نەیمار دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟

08-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا. خوان لاپۆرتا دەیەوێ نەیمار بگەڕێنێتەوە یانە کەتەلۆنییەکە. چاڤی نەیماری ناوێ. پاریس و بارسا بەنیازن نەیمار و ئانسۆ فاتی بگۆڕنەوە. نەیمار دوای لە کارگێڕیی یانەی پاریسی کردووە رێگەی پێبدەن بڕوات.. ئەمانە سەردێری چەندین رۆژنامە و میدیاکان بووە لە دوو رۆژی رابردوودا، کە لەسەر ئەستێرەی بەرازیلی نووسراون.
 
ئەگەر بەشێوەیەکی رووکەشیانە سەیری بکەی، گەڕانەوەی نەیمار بۆ بارسێلۆنا بژاردەیەکی باشە و دەکرێت ئەو یاریزانە لە دوای رۆیشتنی عوسمان دێمبلی پێویستییەکی سەرەکی و گرنگ بێت بۆ پێکهاتەکەی چاڤی، بەڵام ئەگەر ژیرانە بیری لێبکەیتەوە هاتنەدی ئەو بژاردەیە زۆر زەحمەت و ئاڵۆزە.
 
ئایا پاریس دوای رۆیشتن و نوێنەکردنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی و کێشەکانی کیلیان ئێمباپێ، کە ئەویش نزیکە لە رۆیشتن و تەنانەت ئەگەر نەشڕوات زەحمەتە ئەو یاریزانە چیدی بە کەڵکی یانەکە بێت، رێگە بە نەیمار دەدات بڕوات؟ ئایا بارسا کە نەیتوانی مێسی بگەڕێنێتەو و هێشتا گرێبەستی گوندۆگانی نوێ نەکردووەتەوە دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ نەیمار بکات؟.
 
ئایا نەی کە پارەیەکی باش لە پاریسییەکان وەردەگرێت، ئامادەیە لەپێناو چاوی رەشی کەتەلۆنییەکان بە مووچەیەکی کەم رازی بێت، کە لە بنەڕەتدا لەپێناو پارەی زۆرتر بارسێلۆنای جێهێشت؟ لە کاتێکدا کە یانەکە لە لووتکەی ئاستبەرزی خۆیدا بوو.
 
ئەی هاندەرە سەرسەختەکانی کەتەلۆنیا، کە پێیانوایە نەیمار ناپاکی لەگەڵ خۆیان و یانەکەیان کردووە، لەو یاریزانە خۆشدەبن و رێگەی پێدەدەن قاچ بخاتەوە نێو یانەکەیان؟
 
گەڕانەوەی نەیمار بۆ بارسا مەحاڵ نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە ئێستا نەیمار لەلایەن کارگێڕیی پاریسەوە هێڵی سوور نییە و وەک یاریزانێکی گرنگ سەیر ناکرێت. بەهۆی زۆری پێکانەکان و مووچەی زۆری، جگە لە پەیوەندییە خراپەکانی لەگەڵ هاندەرانی یانەکە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا نەگەڕانەوەی نەی بۆ بارسا نزیکترە لە گەڕانەوەی، بەتایبەتیش کە باوکی نەیمار رەتیدەکاتەوە کوڕەکەی داوای لە یانەکەی کردبێت رێگەی پێبدەن بڕوات.
 
باوکی نەیمار باسی لە ئەگەری جێهێشتنی کوڕەکەی کرد لە هاوینی ئەمساڵدا لە باخچەی شازادەکان، وەک وەڵامێک بۆ هەواڵێکی رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی، کە گوتبووی نەیمار داواکارییەکی پێشکێشی کارگێڕیی یانەی پاریسی کردووە بۆ ئەوەی رێگەی بدەن ریزەکانی یانەکە بەجێبهێڵێت. چونکە بەنیازە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.
 
باوکی نەیمار، لە وەڵامی ئەو هەواڵەدا، رایگەیاند "ناتوانم ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەمەوە کە لە بنەڕەتدا روویان نەداوە، ئەم هەواڵە لە شوێنێکەوە هاتووە، با هەوڵبدەین لە مەبەستی پشت ئەو هەواڵە تێبگەین".
 
نەیمار تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە، ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش هەیە، بۆیە گەڕانەوەی بۆ بارسا مەحاڵە، مەگەر بەرپرسانی پاریس بیانەوێ لەکۆل خۆیانی بکەنەوە و لە مووچە گەورەکەی رزگاریان ببێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە