جامی گامبەر.. ئەمشەو بارسێلۆنا دوور لە کامپ نو میوانداری تۆتێنهام دەکات

08-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا - تۆتێنهام 21:00
بارسێلۆنا - تۆتێنهام 21:00
نیشانەکردن بارسێلۆنا تۆتێنهام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێنج رۆژ بەر لە چوونە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا دوایین یاریی دۆستانەی ئەنجامدەدات و لە جامی خوان گامبەر بەرامبەر یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی یارییدەکات.
 
بارسێلۆنا ساڵانە بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، یاریی جامی خوان گامبەر، وەک رێزلێنانێک بۆ کەسایەتیی خوان گامبەر کە دامەزرێنەری یانەکە و هەردوو یانەی زیوریخ و بازلی سویسرییە ئەم یارییە بەڕێوەدەبات و هەر جارە و میوانداری یانەی وڵاتێک دەکات.
 
دوای ئەوەی لە دوایین دوو یاریی دۆستانەدا، بارسێلۆنا سەرکەوتنی بەرامبەر ریال مەدرید و میلان بەدەستهێنا، چاڤی دەیەوێت ئەم یارییە بکاتە دوایین یاری بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی دروست و تەواو بۆ پێکهاتەی تیپەکەی بکات، لەکاتێکدا دوای چەند رۆژێکی دیکە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی لالیگا دەستپێدەکەن و بارسا بە چەند گۆڕانکارییەکەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکە بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی وەرزی رابردووی لالیگا و دەرکەوتنێکی شایستەتر لە وەرزەکانی رابردوو لەسەر ئاستی ئەوروپا.
 
ئەم یارییە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو، لە یاریگەی ئۆڵیمپی لویس کامپۆنیس کە بە مونجویک ناسراوە بەڕێوەدەچێت، کە ئیدی تاوەکو کۆتایی وەرزی 2023-2024 بارسێلۆنا یارییەکانی لەو یاریگەیە ئەنجامدەدات و ئیدی ئەوە ماڵی کەتەلۆنییەکان دەبێت.
 
یانەی تۆتێنهام گۆڕانکارییەکی زۆری لە ریزەکانی کردووە، بۆ ئەوانیش ئەم یارییە دوایین یاریی دۆستانەیە، دوای ئەوەی گەشتێکیان بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەنجامدا و چەند یارییەکی دۆستانەیان کرد، سپێرێز دوای پێنج رۆژی دیکە لە دەستپێکی یارییەکانی پرێمەرلیگدا بەرامبەر یانەی برێنتفۆرد یارییدەکات.
 
ئەم یارییەی تۆتێنهام لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە هێشتا بەتەواوی داهاتووی هاری کەین، ئەستێرەی یەکەمی یانەکە دیارنییە، بەتایبەت کە گفتوگۆکانی بایرن میونشن و سەرۆکایەتیی یانە ئینگلیزییەکە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بەردەوامن.
 
دوایینجار کە بارسێلۆنا لە جامی خوان گامبەر دۆڕابێت، لە ساڵی 2012 بووە بەرامبەر یانەی سامپدۆریای ئیتاڵی بووە، تۆتێنهام دەیەوێت بەر لە چوونە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ بە نازناوێکەوە ئامادەیی خۆی دووپاتبکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە