لاپۆرتا چارەنووسی دییۆنگی دیاریکرد و ئامادە نەبوو قسە لەسەر مێسی بکات

08-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا لیۆنێل مێسی فرێنکی دییۆنگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایکرد کە یانەکەی نزیکە لە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ، لە ماوەی گواستنەوەکانی ئەم هاوینەدا. گوتیشی "هیچی دیکە قسە لەسەر مێسی ناکەم".
 
بارسێلۆنا لە جامی خوان گامپەر رووبەڕووی یانەی پوماسی مەکسیکی بووەوە و 6-0 لێیبردەوە.
 
خوان لاپۆرتا، لە لێدوانەکانیدا لە پەراوێزی یارییەکەدا، گوتی "کاری زۆر باشمان کردووە بۆ دروستکردنی تیپێکی رکابەر، بەڵام هێشتا کارەکان تەواو نەبوون، بەشێک لە یاریزانەکان دەڕۆن و گرێبەستێکی دیکەش ماوە و واژۆ دەکرێت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی بارسێلۆنا باسی فرێنکی دییۆنگی کرد و گوتی "فرێنکی یاریزانی بارسێلۆنایە، کوالیتییەکی نایابی هەیە و دەمانەوێت بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەو و هاوکارەکانی لە هێڵی ناوەڕاستدا هێزمان هەیە، دەستەوارەی هەیە، بەڵام دەمانەوێت بمێنێتەوە و ئەویش دەیەوێت بمێنێتەوە".
 
کاتێک پرسیاری لیۆنێل مێسییان لێکردەوە؟ سەرۆکی بارسێلۆنا لە وەڵامدا گوتی "مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمانه‌، نامه‌وێت جارێكی قسە لەو بارەیەوە بكه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ قه‌رزداری ئەوین و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی باشه‌".
 
لاپۆرتا لە کۆتاییدا، باسی ئومتیتی و برایتوایتیشی کرد و گوتی "ئومتیتی و برایتوایت گرێبەستیان لەگەڵماندا هەیە، بەڵام تێدەگەن کە راهێنەر پشت بەوان نابەستێت و باشترین بژاردەیان رۆیشتنە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە