پێپ گواردیۆلا: هالاند، مێسی بەبیرهێنامەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دوای بردنەوەی یەکەم یاریی لە وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا، پەسنی تیپەکەی و هێرشبەرە نوێیەکەی، ئێرلینگ هالاندی دا و گوتی "هالاند، مێسی بەبیرهێنامەوە".
 
مانچێستەر سیتی لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا، بووە میوانی وێستهام و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە، کە هەردوو گۆڵەکە لە لایەن ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەرویجییەوە تۆمارکران.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، پێپ گواردیۆلا، گوتی "لە سێ ساڵی رابردوودا نەمانتوانیوە لێرە سەرکەوتن بەدەستبهێنین، هەمیشە شوێنێکی قورسە بۆ یاریکردن، یەکەم یاریمانە لەم وەرزەدا لە پرێمەرلیگ، یەکەم یاری وەرز هەمیشە سەختە لە هەموو خولەکاندا، هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی باش بین، چونکە لە یاری پێشووماندا بەرامبەر لیڤەرپوول بەڕاستی خراپ بووین".
 
گورادیۆلا دواتر باسی هالاندی کرد و گوتی "بێگومان ئێرلینگ دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئەوە بۆ ئەوان و ئەو و بێگومان بۆ منیش گرنگ بوو، بەڵێ ئەو مەترسییەکی گەورەیە، چەکێکی دیکەیە لە جبەخانەکەماندا، بەڵام ئەو توانای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانمانی نییە، بەڵام سوودێکی زۆری بۆ تیپەکەمان دەبێت".
 
ئەو زیاتر باسی هالاندی کرد و بە لیۆنێل مێسی چواند و گوتی "هالاند، مێسی بەبیرهێنامەوە، بەڕاستی خۆشبەخت بووم کە راهێنەری مێسی بووم، ئەو ئەگەر دوو گۆڵی کردبا، حەزیدەکرد سێیەمیش بکات، ئەگەر سێی کردبا حەزی لە چوارەم بوو، تەنانەت ئەگەر چوار گۆڵی کردبا دەیویست پێنجەمیش بکات". 
 
پێپ لە کۆتاییدا باسی هالاندی کرد کە لە کاتی هەژمارکردنی لێدانی سزا تۆپەکەی برد و بەخۆی جێبەجێیکرد و گوتی "شێوازی بردنی تۆپه‌كه‌  لە لایەن هالاندەوە بۆ لێدانی سزاکەم به‌دڵ بوو، پێموایه‌ هه‌ر یاریزانێكی دیكه‌ له‌ هاوڕێكانی ئه‌گه‌ر هه‌وڵی دابووایە تۆپه‌كه‌ی لێوه‌ربگرێت شه‌قێکی له‌ ده‌موچاوی ده‌دا، ئەمەش نیشانەیەکی باشە، چونکە ئەوە متمانە بەخۆبوون و عەقڵیەتی باشی ئەو نیشان دەدات".