ناپۆلی لە ئەرکێکی قورسدا دەبێتە میوانی کامپ نو

08-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا ناپۆلی
A+ A-

رووداو دیجیتال

دوێنێ هەردوو یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی و ریال مەدیدی ئیسپانی ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ کرد و لیۆنی فەرەنسی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی گەیشتنە کاروانی سەرکەوتووەکان بۆ قۆناخی هەشت، ئەمڕۆ دوایین دوو یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16 بەڕێوەدەچن و دوو یانەی دیکە بلیتی هەشت وەردەگرن و دووانیش دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

لە یاری یەکەمدا بارسێلۆنای ئیسپانی لەسەر یاریگەی کامپ نودا میوانداری ناپۆلی ئیتالی دەکات، کە یاری چوون لە ئیتالیا بە یەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتایی هاتووە.

یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵ دەدات بە بردنەوە لە ناپۆلی هیواکانی بگەڕێنێتەوە و بەردەوام بێت لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی گرنگترین پاڵەوانێتی ساڵ، بەڵام ئایا ئەوە ئەرکێکی ئاسان دەبێت بۆ مێسی و هاوڕێکانی، کە ئێستا یانەکەیان بە بارودۆخێکی باشدا گوزەر ناکات و یانەکە گیرۆدەی چەندین کێشە و گرفت بووە، زێدەباری ئەوەی لەم یارییەدا کیکێ سیتێنی راهێنەر ناتوانێت پشت بە هەردوو ناوەڕاستکارەکەی، بۆسکێس و ڤیدال وەربگرێت، کە بەهۆی کارتە رەنگاوڕەنگەکان راگیراون.

بارسێلۆنا بە یەکسانبوونێکی سپی دەتوانێت بلیتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ناپۆلیش بە بردنەوە یان هەر یەکسانبوونێک بە ئەنجامێکی زیاتر لە 1 - 1 بارسا لە پاڵەوانێتییەکە دەردەکات و خۆی دەگەینێتە قۆناخی هەشت.

جینارۆ گاتۆزۆی راهێنەری ناپۆلی، رووبەڕووبوونەوەی بارسا لەنێو کامپ نودا بە ئەرکێکی زەحمەت دەزانێت و دەڵێت "ئەرکمان بەرامبەر بارسێلۆنا وەک سەرکەوتنە بەسەر چیای ئێڤێرستدا"، بەڵام بە مەحاڵی نازانێت کە بتوانن بارسا و مێسی لە چامپیۆنزلیگ دەربکەن، کە پێیوایە ئەگەر یاریزانەکانی 100٪ ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن دەتوانن سوپرایزێک بکەن و بە بلیتی سەرکەوتنەوە هەرێمی کەتەلۆنیا جێبهێڵن.

مێژوو لە بەرژەوەندی بارسادایە، کە لە دوایین 10 ساڵدا 5 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، کە 4 لەو یارییانە دۆستانە بوونە، بارسا 3 جار براوە بووە و ناپۆلی تەنیا جارێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و جارێکیش یەکسان بوونە. 

بارسا 12 گۆڵ و ئیتاڵییەکان تەنیا 3 گۆڵیان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەحاڵ نییە گاتۆزۆ و یاریزانەکانی بەسەر چیای ئێڤێرستدا سەرکەون و بارسا لە چامپیۆنزلیگ دەربکەن، ئەگەر بتوانن خاڵە لاوازەکان سێتین و تیپەکەی بقۆزنەوە، کە بارسای ئەمساڵ جیاواز لە زۆربەی ساڵانی پێشوو خاڵی لاوازی زۆرە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە