رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی تێنسی مۆنتریال بۆ ماستەرز دەستیپێکرد


داڤید فێرێر، جارید دۆناڵدسۆن، نیک کیریۆس، گایل مۆنفیس،پیترا کڤیتۆڤا و  فارفارا لیبیشینکۆ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و گەیشتنە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.

هەوادارانی تێنس جارێکی دیکە کاژێرەکان دەبژێرن بۆ بینینی ئەستێرەکانی تێنس و دەرکەوتنیان لە پاڵەوانێتیی مۆنتریال کە رکابەرییەکانی قۆناخی یەکەم دەستی پێکرد.

داڤید فێرێری ئیسپانی گەیشتنی بە قۆناخی دووەم مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی لە کایل ئیدمۆندی بەریتانی بردەوە، یارییەکەش بە دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام کۆتاییهات حەوت شەش و حەوت پێنچ.

لەلایەکی دیکەوە جارید دۆناڵدسۆنی ئەمریکی بە دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام لە لوکاس پۆیلی فەرەنسی بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش حيوت پێنچ  و دە بە هەشت بوو.

نیک کیریۆسی ئوسترالیش گەیشتنی بە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتیی جامی رۆجەرز کە بە مۆنتریال ناسراوە مسۆگەرکرد، دوای ئەوەی لە ڤیکتۆر ترۆیکی سڕبی بردەوە و ئەنجامی یارییەش وەک ئەوانەی پێشوو دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر بوو.

یاریزانە ئوسترالییەکە ئێستا لە پلەی 24ـی ریزبەندی تێنسزانانی جیهانە پێویستی بە تەنا 51 خولەک بوو، ئەنجامەکەش شەش یەک و شەش دوو بوو.

گایل مۆنفیس پێویست بوو سێ کۆمەڵە یاریبکات بۆ ئەوەی لە ستیڤ جۆنسۆنی ئەمریکی بباتەوە و بگاتە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتیی جامی رۆجەرز.

لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، پیترا کڤیتۆڤا لە قۆناخی یەکەم سەرکەوتنی بەسەر کارکا سوارێز ناڤارۆدا بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.

فارفارا لیبیشینکۆی ئەمریکی بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیە لە یلینا ئۆستاپینکۆی لاتڤی بردەوە و کردیە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکە.

لە لایەکی دیکەشەوە باربۆرا ستریتسۆڤا بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر کریستینا ملادینۆڤیچی فەرەنسیدا بەدەستهێنا کە یەکەم بردنەوەی بوو لە مێژوویدا لەسەر ئاستی ئەم پاڵەوانێتییە و کچە یاریزانە چیکییەکە گەیشتە قۆناخی دووەم.