تایبەت؛ ئامارە سەرنجڕاکێشەکانی یاریی جامی سوپەری ئەوروپا


رووداو - هەولێر


ئەمشەو یاریی جامی سوپەری ئەوروپا هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە مەکدۆنیا کۆدەکاتەوە و هەردوو یانە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.

یارییەکە کاژێر 21:45 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی فیلیپ ئارێنا بەڕێوەدەچێت و جیانلوکا رۆکی ئیتاڵی و تەمەن 44 ساڵ ناوبژیوانی یارییەکە دەبێت.

   21:45


ریال مەدرید پاڵەوانی وەرزی رابردووە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، مانچێستەر یونایتدیش تەنیا یەکجار ئەو نازناوەی بەدەستهێناوە و لە ساڵی دەیەوێت جارێکی دیکە سیناریۆی ساڵی 1991 دووبارەبکاتەوە و ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت.

ژمارە و ئامارەکانی یارییەکە

* یاریی نێوان مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید، ئەمشەو یەکەم یاریی هەردوو یانەیە لە جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر یەکدی ئەنجامیدەدەن و یاریی ژمارە 11 یە لە سەرجەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان رووبەڕووی دەیکەن.

* لەکۆی 41 وەشانی جامی سوپەری ئەوروپا، ئەو یانانەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایان بەدەستهێناوە 22 نازناویان بردووەتەوە و 19 جاریش نازناوەکەیان لە دەستداوە.

*مانچێستەر یونایتد لە دوایین 11 یاریی رابردووی ئەوروپیدا تووشی شکست نەبووە و یەکەم یانەی ئینگلیزییە دوای چێڵسی لە ساڵی 2013 یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ئەنجامدەدات.

* لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە ریال مەدرید دوای میلانی 1989، 1990 دەبێتە یەکەم یانە دوو ساڵ لەسەریەک نازناوەکە بباتەوە.

* ئەو یانانەی بەشدارییان لە جامی یەکێتی ئەوروپا یان خولی ئەوروپی کردووە لەو کاتەوەی ناوی پاڵەوانێتییەکە گۆڕاوە لە کۆی 17 نازناوی جامی سوپەر 7 جار نازناوەکەیان بردووەتەوە.

*ئیسپانیا بەبردنەوەی 13 نازناو یەکەم وڵات زۆرترین جار نازناوی جامی سوپەری ئەوروپای بردبێتەوە، ئیتاڵیا بە 9 نازناو دووەم و ئینگلتەراش بە 7 نازناو سێیەمە.

* خۆسێ مۆرینیۆ دووجار وەک راهێنەر نازناوی جامی سوپەری ئەوروپای لەدەستداوە، ساڵی 2013 لەگەڵ چێڵسی و ساڵی 2003 لەگەڵ پۆرتۆ، هیچ راهێنەرێک سێ جار نازناوەکەی لەدەستنەداوە.

* بارسێلۆنا و میلان بەبردنەوەی 5 نازناو زۆرترین جار ئەو نازناوەیان بەدەستهێناوە، ریال مەدرید تاوەکو ئێستا خاوەنی 3 نازناوە.

*مانچێستەر یونایتد چوارەم جارە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ئەنجامدەدات، ریال مەدرید جاری شەشەمە، تەنیا بارسێلۆنا 7 یاریی جامەکەی ئەنجامداوە.




* جامی سوپەری ئەوروپا 6 جار لەکاتی زیادکراودا تەواوبووە، دوایین جار لە ساڵی 2016 بوو کاتێک ریال مەدرید 3-2 لە یانەی سێڤییای بردەوە.

* لە جامی سوپەری ئەوروپا 4 یاریزان بەشێوەی راستەوخۆ بەکارتی سوور کراونەتە دەرەوە، پۆڵ سکۆڵز لە 2008، رۆلاند و فریدی گوارین 2011 لە پۆرتۆ و تیمۆسی کولودزیچاک لە یانەی سێڤییا لە ساڵی 2016.

* یانەکانی ئیسپانیا لە دوایین 3 ساڵدا نازناوەکەیان بردووەتەوە و لە دوایین 8 جاری رابردووشدا 7 نازناویان بەدەستهێناوە. 

* یانەکانی ئینگلتەرا لە ساڵی 2005ەوە دوای لیڤەرپوول نازناوەکەیان نەبردووەتەوە، لەکاتێکدا 2008 مانچێستەر یونایتد، 2012 و 2013 جێڵسی نازناوەکەیان لەدەستدا.

ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد جاری 11یە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یانە ئیسپانییە 4 یاریی بردووەتەوە، دوو یاریی یەکسانبووە 4 یاریشی دۆڕاندووە و 20 گۆڵی تۆمارکردووە.

* دەیڤد دیخیا جاری پێنجەمە بەرامبەر ریال مەدرید یارییدەکات لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، چ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و چ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد.

* ریال مەدرید لەدوایین 18 یاریی ئەوروپیدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەویش بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی 2016-2017 بەڵام بەکۆی هەردوو یاریی بە 4-2 بەسەرکەوت.

* خۆسێ مۆرینیۆ یەکەم راهێنەرە لەگەڵ سێ یانەی جیاواز یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ئەنجامبدات، ساڵی 2013 لەگەڵ چێڵسی، ساڵی 2003 لەگەڵ پۆرتۆ و ساڵی 2017 لەگەڵ مانچێستەر یونایتد.



* ریال مەدرید لە دوایین 10 یارییدا بەرامبەر یانەکانی ئینگلتەرا نەدۆڕاوە، 7 بردنەوە و 3 یەکسانبوون، دوایین دۆڕانی بەرامبەر لیڤەرپوول بووە لە ساڵی 2006 لە چامپیۆنزلیگ بە 4-0.

*مانچێستەر یونایتد لەدوایین 10 یارییدا بەرامبەر یانەکانی ئیسپانیا لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دوو یاریی بردووەتەوە، 4 یاری یەکسانبووە و 4 یارییشی دۆڕاندووە.

* ریال مەدرید هەرگیز لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان لە یانەکانی ئینگلتەرای نەبردووەتەوە کە سێ یاریی بەرامبەر ئەنجامداون، ساڵی 1970-1971 بەرامبەر چێڵسی جامی جامەکانی ئەوروپای لەدەستدا، ساڵی 1998 هەر بەرامبەر ئەو یانەیە جامی سوپەری ئەوروپای لەدەستدا، ساڵی 1980-1981 بەرامبەر لیڤەرپوول 1-0 دۆڕا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای لەدەستدا.



* مانچێستەر یونایتد 3 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی بەرامبەر یانەکانی ئیسپانیا ئەنجامداوە و هەمووانیش بەرامبەر بارسێلۆنا بووە، ساڵی 1990- 1991 لە جامی جامەکاندا لە یانەکەی بردووەتەوە، دوو جاریش لەسەریەک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای 2008-2009 و 2010-2011 بەیانەکە دۆڕاوە.

* ریال مەدرید جاری شەشەمە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ئەنجامبدات، 3 یاریی بردووەتەوە و 3 یاریشی دۆڕاندووە، لە دوایین سێ جاریش کە گەیشتبێتە یارییەکە نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

لە ریال مەدرید بەهۆی وەرگرتنی پشووە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، لە مانچێستەر یونایتدیش هەریەکە لە لوک شاو، یونگ و مارکۆس رۆخو بەهۆی پێکانەوە و ئێریک بایلی و فیل جۆنز بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.


پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانە.