ئەمڕۆ وەرزی نوێی خولی پرێمەرلیگ دەستپێدەکاتەوە

خولی پڕێمەرلیگ وەک پێشەی ساڵانە بەر لە هەموو خولە بەهێزەکانی ئەوروپا کاروانی یارییەکان بەڕێ دەکات.
ئەمڕۆ شەممە یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولەکە دەست پێدەکات و تیایدا شەش یاریی ئەنجام دەدرێن.


چێڵسی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە بە کەمترین بەشداری لە مێرکاتۆی هاوینەدا دێتەوە نێو رکابەرییەکە و دەیەوێ جارێکی دیکە نازناوەکە بەدەستبێنێتەوە.

چێلسی دوای لەدەستدانی جامی قەڵغانی خێرخوازی بەرامبەر ئارسیناڵ و دۆرانی بەرامبەر فیۆرێنتینابە رابەرایەتی مۆرینیۆ ئێوارەی ئەمڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینە لە خولەکە ئەنجام دەدات کاتێک لە نێو یاریگە و هاندەرانی خۆی رووبەڕووی سوازنی سیتی بێزارکەر دەبێتەوە.

مۆرینیۆ بەر لە دەستپێکی خولەکە رایگەیاند، کەس باسی شکستەکانی بلوز نەکات چونکە تۆپی پێی راستەقینە شەممە دەست پێدەکات کە مەبەستی ئەمڕۆ بوو.

یانەی مانچێستەر یونایتد دوای دوو ساڵ دابڕان لە نازناوی خولەکە بەرابەرایەتی لویس ڤان خالی راهێنەر لەگەڵ بەڕێکردنی چەند یاریزانێک بەڵام هێشتا ئەو یاریزانانەی بەدەستنەهێناون کە دەیەوێ بناخەی یانەکە لەسەریان بنیات بنێت یەکەم یاریی کردنەوەی خولەکە لە نێو یاریگەی ئۆڵدترافۆرد و هەزاران هاندەری شەیتانی ئەنجام دەدات بەرامبەر یانەی تۆتێنهام.

هەرچی مانچێستەر سیتیە تەنیا بەکڕینی رەحیم ستێرلینگ وەک راهێنەری یانەکە پلیگرینی گوتی" دەتوانین بەو پێکهاتەی هەمانە نازناوی پاڵەوانیەتییەکە بەدەستبێنێن و دڵنیاشین لە بردنەوەی نازناوی خولەکە.

کاتێک یەکەم یاریی خۆی دوای دوو رۆژی دیکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر وێست برۆمیچ ئەنجام دەدات.

ڤینگەریش درێژە بە ساڵی نۆزدەیەمینی دەدات لەگەڵ تۆپچییەکان کاتێک سبەی یەکشەممە لە نێو هەوادارانی خۆی رووبەڕووی وێستهام دەبێتەوە، ڤینگەر دەیەوێ بردنەوی قەڵغانی خێرخوازی  بکاتە هەوێنی بردنەوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە دوای ئەوەی یازدە ساڵی خەوی پێوەدەبینێت.

لیڤەرپوولیش بەهەمان ئەو پێکهاتەی وەرزی رابردوو بگرە لاوازتریش دێتە نێو رکابەرییەکان و هیوای بە بردنەوەی نازناوەکەی هەیە بەڵام ئەمە کەمێک لە مەحاڵ زیاترە.

هەروەها ئەم وەرزە یانەی بۆرنسمۆس دوای 125 ساڵ چاوەڕوانی ئەمساڵ میوانی خولەکەیە و بەهیوای مانەوە لە خولەکە دێتە نێو رکابەرییەکان.

هەروەها یانەکانی نۆرویش سیتی و واتفۆرد میوانی نوێی خولەکە دەبن و رەنگە ببنە نێچیری ئاسان بۆ گەورەکانی دیکە.