رووداو دیجیتاڵ
لە ئەستێرە گەورەکانەوە بۆ یاریزانە لاوەکان، لە گالاکتیکۆسە ناسراوەکانەوە بۆ ئەو یاریزانانەی دەکرێ لە داهاتوودا ببنە گالاکتیکۆس، لە گەڕان بەشوێن باشترین یاریزانەکانی جیهانەوە، بۆ گەڕان بەشوێن باشترین بەهرەمەندەکانی دونیای تۆپی پێ، دەکرێ ئەمە کورتکراوەی بیرکردنەوە و تێڕوانینی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی بێت بۆ تیپی تۆپی پێی یانەکەی.
ساڵانێکی زۆر، فلۆرینتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدریدە، بە راوکەری ئەستێرەکان ناسرابوو، ئەو سەرۆکە لە هەر تیپێک و هەر یانەیەک، ئەستێرەیەک هەبووایە، لەپێناو بەدەستهێنانیدا دەجەنگی تاوەکو درێسە سپییەکەی یانەکە لەبەر بکات.. ساڵانێک ریال مەدرید پێکهاتەیەکی هەبوو لە هەر هێڵێکدا یاریزانێکی گەورە و ئەستێرەی هەبوو، تیپێک کە ناودەنرا گالاکتیکۆس، لەبری ئەستێرەکان، هەسارەکان.
ئەو رۆژانەی ریال مەدرید لە یەک پێکهاتەدا زیدان، رۆناڵدۆی دیاردە، فیگۆ، بێکهام، مایکڵ ئۆین و چەندین یاریزانی دیکەی لێهاتووی کۆدەکردەوە، هەمووان سەریان لەوە سوڕمابوو کە بۆچی و بە چ ئامانجێک پێرێز ئەو کارە دەکات، ئەو سەرکەوتنی دەویست و نازناوەکان و کۆنترۆڵی ئەوروپای دەویست، بەڵام ئەوە رووینەدا و کەوتە بەر رەخنەی زۆر.
لە دوای ساڵانێک و قاڵبوونەوەی زۆر لە سەرۆکایەتی یانەکەدا، پێرێز ئاراستەی بیرکردنەوە و کارکردنی خۆی گۆڕی و گالاکتیکۆسە زۆر تێچووەکانی لەبیری خۆی بردەوە، ئێستا ئەوەی سەرۆکی ریال مەدرید بیری لێدەکاتەوە، ئەو بەهرەمەندانەن کە دەکرێ لە داهاتوودا گالاکتیکۆس بن.
بیرکردنەوە و پلانە نوێیەکەی فلۆرێنتینۆ و ریال مەدرید، چەند وەرزێک لەمەوپێش سەریانهەڵدا کاتێک یانەکە گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێکی نەناسراوی و دەرنەکەوتووی وەک ڤینیسیۆس جۆنیۆر کرد، یاریزانێک کە هەموو دەیانگوت بەهرەمەندێکی باشە، بەڵام کەس نەیدەزانی لە داهاتوودا چیدەکات و دەبێتە کام جۆرەی یاریزان.
ئەوە هەر ڤینیسیۆس نەبوو کە بووە بەرجەستەکەری ئاراستەی نوێی بیرکردنەوەی ریال مەدرید، زۆری نەویست رۆدریگۆش هاتە پاڵ ڤینی و ئیدی بەهرەمەندێکی وەک ڤاڵڤێردی لە ریال دەرکەوت و پاشانیش کاماڤینگا و وەرزی رابردووش چوامینی و ئەمساڵیش یانەکە هەنگاوەکانی بەهەمان ئاراستەدا پتەوتر و خێراتر کرد و لە یەک هاویندا جود بێلینگهام، فران گارسیا و ئاردا گولەر هێنرانە یانەکە کە ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنراوە.
ئەو یاریزانە لاوە بەهرەمەندانەی ئێستا ریال مەدرید گرێبەستیان لەگەڵدا دەکات و بەشوێنیانەوەیە، بە کوالیتی بەرز و داهاتوو گەش دادەنرێن و سەرکەوتنی ئەزموونی سیانەی ڤینی، رۆدریگۆ و ڤاڵڤێردی کە زۆر بەگەنجی لەگەڵ ریال مەدرید دەستیان پێکرد و ئێستا ئەستێرەی درەوشاوەن لە جیهانی تۆپی پێدا، دڵنیایی زیاتری بەخشییە سەرۆکی ریال مەدرید، لەوەی کە پڕۆژەکەی پتەو و بەهێز و داهاتوو گەشە و پێویستە لەسەری بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ