ڤیدیۆ؛ یاسپەر نەیهێشت کاڤێندیش ریکۆردێکی جیهانی لە تور دێ فرانسدا تۆمار بکات

رووداو دیجیتاڵ

تور دێ فرانس گەیشتە گەڕی هەشتەم، کە ئەمڕۆ پێشبڕکێکاران رێگەیەکی شاخاوی دوور و درێژ دەبڕن.
 
رکابەرییەکە تا دێت زەحمەتتر و گەرمتر دەبێت، کە باشترین پایسکیلسوارانی جیهان دەیانەوێ لە بەهێزترین پێشبڕکێی جیهانیدا ئاستێکی بەرز پێشکێشک بکەن و ئەنجامی باش بەدەستبێنن.
 
دوێنێ لە گەڕی حەوتەمی پێشبڕکێیەکەدا، یاسپەر فیلیپسنی پایسکیلسواری بەلجیکی، مارک کاڤێندیشی پایسکیلسواری بەریتانی بێبەشکرد لە بەدەستهێنانی سی و پێنجەمین سەرکەوتنی لە قۆناخەکانی تور دێ فرانس، چونکە پایسکیلسوارە بەلجیکییەکە پلەی یەکەمی گەڕی حەوتەمی بەدەستهێنا، کە لە بۆردۆ لە کەشوهەوایەکی گەرمی باشووری فەرەنسادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
فیلیپسن لە سێ گەڕی خێرا لەسەریەک لەم گەشتەدا سێجار پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، کاتێک لە مەترەکانی کۆتاییدا پێش کاڤێندیش کەوت، بەمەش پایسکیلسوارە بەریتانییەکە یەکسان مایەوە لەگەڵ ئیدی مێرککس، کە ئەویش خاوەنی پلەی یەکەمە لە 34 گەڕ لە مێژووی تور دێ فرانسدا.
 
جۆناس ڤینگگارد توانی پارێزگاری لە درێسە زەردەکەی بکات، کە پێش تادیگ پۆگاکارەوە دێت، چونکە لە گەڕی حەوتەمدا هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە لووتکەی ریزبەندی گشتیدا رووینەدا.
 
ئەمڕۆ گەڕی هەشتەمی رکابەرییەکە بەڕێوەدەچێت، کە پایسکیلسوارەکان پێویستە رێگایەکی شاخاوی سەخت بە درێژایی 222.7 کیلۆمەتر ببڕن، کە لە لیبۆرنەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو لیمۆج.