مژدە گەورەکە بۆ ریال مەدرید بەڕێوەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان لەم هاوینەدا. بۆ ئەو مەبەستەش داوای قەرزی لە بانکێک کردووە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، یاریزانەکەش بەفەرمی یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەنییە بۆ وەرزێکی دیکە بڕگەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی کارا بکاتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، گرێبەستی گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا ئەگەری هەیە بگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ 100 ملیۆن یۆرۆی دیکە کە فایزە ئەلعەماریی دایکی کیلیان داوای دەکات.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناکۆکی لەنێوان ریال مەدرید و ئێمباپێ لەسەر مووچەی ساڵانە هەیە، بەو پێیەی یاریزانەکە دەیەوێت 50 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا یانەی شاهانە 40 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کردووە.
 
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە، بەدڵنیاییەوە هەردوولا لەسەر مووچە رێکدەکەون، چونکە تاوەکو ئێستاش رێککەوتنەکە لەو سنوورەدایە کە ریال مەدرید نایەوێ بیبەزێنێت.
 
ئەو رۆژنامە ئیسپانییانە، باس لەوە دەکەن کە دایکی ئێمباپێ، کە بەڕێوەبەری کارەکانی کوڕەکەیەتی، داوای پاداشتێکی گەورەی گرێبەستکردن دەکات و دەڵێت "دەبێ ریال مەدرید بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشتی واژۆکردن بدات، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو پارەیەی بۆ بکاتەوە کە لەدەستی دەدات ئەگەر لەم هاوینەدا پاریس بەجێبهێڵێت".
 
هەندێک لە سەرچاەکانی دیکە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بڕی کۆی گرێبەستەکە لە 300 ملیۆن یۆرۆ تێدەپەڕێت، هەربۆیە ریال مەدرید داوای قەرزی لە بانکی سانتاندێر کردووە، بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بگوازێتەوە.