هاری کەین سوپاسی خوا دەکات

08-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هاری کەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاری کەین، کاپتن و هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، سوپاسی خوا دەکات کە دوای لەدەستدانی لێدانی سزا لە بەرامبەر دانیمارک توانی گۆڵ بکات و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بگەینێتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020.

لە یاریی دووەمی پێشکۆتاییدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و دانیمارک لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئینگلیزەکان توانیان بە ئەنجامی 2 - 1 یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیان تەواوبکەن، کە لە نیوەی یەکەمی زیادکراودا لێدانێکی سزا بۆ ئینگلتەرا هەژمارکرا و هاری کەین جێبەجێیکرد، کە سەرەتا شمایکل توانی لێدانەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام تۆپەکە کەوتەوە بەر قاچی کەین و گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد.

کەین لەدوای یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەستێکی باوەڕپێنەکراوە، ئای لەو یارییە جوانە، بێگومان هۆکارەکەی دانیمارک بوو کە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، ئێمە بە قۆڵی یارییمان کرد و پەرچەکردارمان باشبوو، ئێمە لەسەر خاکی خۆمان یاریی کۆتایی یۆرۆ دەکەین، هەستێکی چەند خۆش و جوانە".

سەبارەت بە لێدانی سزاکەش، کە سەرەتا لەدەستیدا و دواتر گەڕاندییەوە نێو تۆڕی گۆڵی دانیمارک؟ هاری کەین گوتی "لە راستیدا بڕیارمدابوو تۆپەکە بەو ئاراستەیە لێبدەم، بەڵام ئەوە باشترین لێدانی سزا نەبوو کە تاوەکو ئێستا بەدەستمهێناوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت سوپاس بۆ خوا کە توانیم گۆڵ بکەم".

کاپتنی هەڵبژاردەی سێ شێرەکانی ئینگلتەرا، لەبارەی یاریی کۆتاییشەوە، کە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەکەن، گوتی "دەزانین کە یاریی کۆتایی بەرامبەر ئیتاڵیا زۆر زەحمەت دەبێت، ئێمە تاوەکو ئێستا پاڵەوانێتییەکی باشمان پێشکەش کردووە، یارییەکی دیکەمان لەسەر خاکی خۆمان هەیە و بەپەرۆشەوە چاوەڕێین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە