گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران دەچێتە خولی پۆرتوگال


رووداو دیجیتاڵ

عەلیرەزا بەیراوەند، گۆڵپارێزی کوردی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی رۆیاڵ ئانتوێرپی بەلجیکی بە تەواوی لە پەیوەندیکردن بە خولی پۆرتوگال نزیکبووەتەوە.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بەیراوەند هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ یانەی رۆیاڵ ئانتوێرپ نەما و بەشێوەی خواستن بۆ یەک وەرز پەیوەندی بە بە ریزەکانی یانەی بواڤیستای پۆرتوگالی دەکات.

بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان یانە بەلجیکی و پۆرتوگالییەکە کراوە، چەند بەندێک لە گرێبەستی نێوان هەردوولادا هەن، یەکێک لە بەندەکانیش ئەگەری کڕینەوەی هەمیشەیی گۆڵپارێزە کوردەکەیە دوای تەواوکردنی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ یانەی پۆرتوگالییەکە، ئەگەر رەزامەندیی یانەکەی لەسەربوو.

میدی ئێران دەڵێت " ئەگەر بەیراوەند بە یەکجاری گرێبەستی لەگەڵ بواڤیستا کرد گرێبەستەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت و کاروانی داهاتووی لە خولی پۆرتوگال دەبێت ".

بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، رێککەوتنی نێوان رۆیاڵ ئانتوێرپ و بواڤیستا بۆ گواستنەوەی بەیراوەند بەرامبەر ملیۆنێک و 200 هەزار یۆرۆ کراوە.

یەکێکی دیکە لە بەندەکانی گرێبەستی بەیراوەند بۆ یانەی بواڤیستا ئەوەیە، لە ئەگەری کڕینەوەی هەمیشەی و فرۆشتنەوەی گۆڵپارێزەکە لەلایەن بواڤیستا لە هەر کاتێکدا 20٪ پارەی گرێبەستەکە بۆ یانە بەلجیکییەکە دەبێت.

بە پەیوەندیکردنی بە یانەی بواڤیستا، بەیراوەند دەبێتە یەکێکی دیکە لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە خولی پۆرتوگال، کە هەریەکە لە مەهدی تاریمی و عەلی پۆری هاوڕێی لە یانەی پێرسپۆلیس لەو خولەدا یارییدەکەن، جگە لەو دوو یاریزانە چەند یاریزانێکی دیکەی ئێرانیش لە یانە جیاوازەکانی دیکە یارییدەکەن، بەمەش پێدەچێت خۆ گونجاندن بۆ بەیراوەند لەگەڵ ئەو خولە ئاسانتربێت.

بواڤیستا ناوێکی دیاری خولی پۆرتوگالە، وەرزی رابردوو لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەبوو، چەند یاریزانێکی دیار لەو یانەیەدا یارییدەکەن کە عادل رامی، بەرگریکاری پێشووی فەرەنسا و یانەکانی میلان، مارسیلیا، فێنارباخچە و چەند یانەیەکی دیکە یەکێک لەو یاریزانانەیە.

عەلیرەزا بەیراوەند تەمەنی 28 ساڵە، وەرزی رابردوو لە یانەی رۆیاڵ ئانتوێرپی بەلجیکی یارییدەکرد، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکەوە گۆڵپارێزەکە نەیتوانی بەتەواوی خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە بگونجێنێت، کە یەکێک لەو کێشانەی نەزانینی زمانی ئینگلیزی بوو، بەمەش یانەکەی بەجێهێشت.

عەلیرەزا بەیرانوەند، خەڵکی پارێزگای لوڕستانه‌ لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو لە ماوەی ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2019 باشترین گۆڵپارێزی خولی پلە نایابەکانی ئێران بووە و ساڵی 2019ش وەک کەسایەتی تۆپی پێی ئێران هەڵبژێردرا.

لە وەرزی رابردوودا لە رکابەرییەکانی یۆرۆپالیگدا، بەیراوەند بەرامبەر یانەی تۆتێنهام یارییکرد، دوای یارییەکەش جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ئەوکاتی تۆتێنهام ستایشی ئاستبەرزیی گۆڵپارێزە کوردەکەی کرد.