هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەژێر کاریگەری کێدایە !؟


دوای 28 ساڵ و بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا ئینگلتەرا گەیشتە یاری پێشکۆتایی مۆندیال،  خەریکە ئەو دەستکەوتە مێژووییەی یاریزانەکانی ئینگلتەرا و لەسەرووی هەموویانەوە ساوسگەیتی راهێنەر هەمووی لە گواردیۆلادا بچووك دەکرێتەوە خەریکە وا پیشان دەدرێ کە نە ساوسگێت و نە هیچ راهێنەرێكی تر کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نییە و ئەوەی هەیەو بەدەست هاتووە هەمووی پاڵەوانەکەی پیپ گواردیۆلایە.

گواردیۆلا راهێنەرێكی گەورەی تۆپی پێیە ئەو کەسایەتیە کاریگەریەکی گەورەی دروستکرد لەسەر فۆرمی تۆپی پێی گشتی. هەر کەسێك گومانی لە ژیری ئەو راهێنەرە هەبێ پێموایە هەقە خەڵکیش گوومان لە ژیری ئەوبکا.

گواردیۆلا لە 2010 کاریگەریەکی گەورەی لەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەبوو هەم لە یاریزان و هەم لە شێوازی یاریکردن، یاریزانە کاریگەرەکانی ئیسپانیا ( پیۆڵ ، پیکێ ، چاڤی ، بۆسکێتس ، ئینیێستا ) یاریزانی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی تیپەکە بوون.

لە 2014 ـەدا جارێكیتر گواردیۆلا کاریگەری دروستکرد لەسەر ئەڵمانیا بەوەی کە یاریزانەکانی بایرن میونشن کاریگەریەکی زۆریان لەسەر ئەڵمانیا هەبوو بەڵام لوف لە سێ یاریی سەرەتادا بە ستایلی گواردیۆلا یاریی کرد بەتایبەتی یاریکردنی بە فیلیپ لام لە ئیرتیکاز کە ئەڵمانیا توشی مەترسیەکی زۆر بوو نزیك بوو لەوەی ماڵئاوایی بکا.

ئێستا پیپ گواردیۆلا لە ئینگلتەرایە و هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لە یاریی پێش کۆتایی جامی جیهانییە بەڵام مانای ئەوە نییە تەنها پیپ کاریگەری لەسەر ئەو تیپە هەیە ، پیپ گواردیۆلا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەیە بە چەشنی راهێنەرەکانی تر نەك لەسەرووی راهێنەرەکانی تر،
لە هاوینی 2016 ـەوە کە پریمەرلیگ بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی راهێنەرە گەورەکانی جیهان ئەو رۆژەی لێ بەرهەمهات کە هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە گەشە بکات و یاریزانەکانیشیان لە رووی جەستەیی و تاکتیکیەوە گەشە بکەن.

رۆڵی ساوسگەیتی راهێنەر لەسەرووی هەموو کەسایەتیەکانی ئینگلتەراوەیە لەسەر هەڵبژاردەکە، ئەو رۆژەی کە ساوسگەیتی لاو بوو بە راهێنەری ئینگلتەرا بە شێوەیەکی کاتی من دڵنیابووم کە ئینگلیز لە ستایلی کۆن و کلاسیك دەردەچێ و دەبێت بە تیپێکی واقعی.

لە دوای ساوسگەیت، پۆچێتینۆ کاریگەرترین راهێنەرە لەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پۆچێتینۆ زۆرترین یاریزانی بۆ هەڵبژاردەکە ئامادەکردووە کە زۆربەیان کاریگەر و یاریزانی سەرەکی تیپەکەن بە تایبەت ( تریپێری بەرگریکاری باڵی راست و هاری کەینی هێرشبەر ) جگە لەوەی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا بە پلانی 3-5-2 یاری دەکات کە هەمان ستایلی یاریکردنی تیپەکەی پۆچێتینۆیە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.

یاریزانە کاریگەرەکانی ئینگلتەرا ( هاری کەین ، تریپێر ، پیکفۆرد ، ماگوایەر ، جۆن ستۆنز ، ئاشلی یۆنگ ) لەم یاریزانانە تەنها جۆن ستۆنز یاریزانی مانچێستەر سیتییە کە ئەویش لە مانچستەر سیتی رەنگە لە ساڵێکدا 10 یاری ئەنجام بدا و پشتگوێ خراوە.

جگە لەوەی ئینگلتەرا لە هیچ یاریەکدا کۆنترۆلی یاریگای نەکردووە بە رێژەی زیاتر لە %60 کە لای گواردیۆلا و ستایلی یاریکردنی گواردیۆلا کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ گەر لە %65 کەمتر بێ تۆ تووشی شکستی تاکتیکی بووی.

کەواتە بە هەموو پێوەرێك ساوسگەیتی راهێنەر و پۆچێتینۆ دوو کاریگەرترین کەسایەتین لەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و زیاتر لە هەر راهێنەر و کەسایەتیەکیتر پێویستە دەستخۆشیان لێبکرێ و ستایش بکرێن.