"رۆناڵدۆ ئامادەیە بۆ ئەوەی لە یۆرۆدا هەموو شتێک بکات"

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 پەیوەندیی بە مەشقەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە کرد و یەکەم یەکەی راهێنانی لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئەنجامدا.
 
رۆناڵدۆ رۆژی هەینی بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە کرد و بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا کرد بۆ یارییە دۆستانەکەی ئەمشەویان بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا.
 
پۆرتوگال لە یارییەکی دۆستانەدا، ئەمڕۆ کاژێر 19:45 بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی دەکات، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ زەحمەتە بەشداری لە یارییەکەدا بکات، بەهۆی ئەوەی لە پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەکە دواکەوتووە و بەتەواوی ئامادەنییە.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "لە راستیدا ئەو بەبەردەوامی ئاستێکی نایابی لەگەڵ یانەکەی پێشکێشکردووە، هیچ گۆمانی تێدا نییە ئەو گۆڵکارێکی بێ وێنەیە و ئەمە شەشەم بەشداری ئەو دەبێت لە یۆرۆدا و دەبێتە یەکەم یاریزان ئەوە بکات، بۆیە ئەو بەدوای دەستکەوتی تاکەکەسیدا دەگەڕێت لەسەر ئاستی تۆپی پێی جیهاندا."
 
راهێنەری پۆرتوگال زیاتر گوتی "ئەزموونی ئەو بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا 23 یاریزانمان هەیە دەیانەوێت بەشێوەی جیاواز لە یاریگەدا رکابەری بکەن، یارییەکان بڕیار دەدەن، بەڵام رۆناڵدۆ ئامادەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکە بکات و هەموو ئەوەی لە توانایدایە پێشکێشی بکات، هیچ یاریزانێکی دیکە لە تۆپی پێی جیهاندا ناتوانێت ئەوە بۆ ژووری جلگۆڕین بکات کە کریستیانۆ دەیکات."
 
مارتینێز لەبارەی یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا گوتی "روونە ئەمە یارییەکی دۆستانەیە، هەردوو تیپ ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشان نادەن، رکابەرەکەمان بە شێوازێکی نایاب یاری دەکات، شێوازەکەیان جیاوازە و ئێمەش پێویستیمان بەوەیە کۆنتڕۆڵی یاریگە بکەین، بەڵام ئەوە یارییەکی دۆستانەیە، بۆ من ئامانجی سەرەکی ئەوەیە یاریزانەکان لەسەر ئاستی تاکەکەسی بۆ پاڵەوانێتی ئەوروپا ئامادەبن."
 
پۆرتوگال دوای یارییەکەی بەرامبەر کرواتیا، یارییەکی دیکەی دۆستانە رۆژی 11ـی ئەم مانگە بەرامبەر ئێرلەندا ئەنجامدەدات، دوای ئەوە دەچێتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2024 و یەکەم یارییان رۆژی 18ـی مانگ دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی چیک.