بڕیاری مێسی بەهیچ شێوەیەک بڕیارێکی وەرزشی نییە

08-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی سامان وڵاتژێری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مێسی چووە ئینتەرمەیامی و کۆتایی بە کاروانی وەرزشی خۆی هێنا، ئەمە بۆچوونی منە و پێموایە بڕیارەکە بەهیچ شێوەیەک خزمەتی کاروانی وەرزشیی مێسی ناکات.
 
بڕیاری چوونی مێسی بۆ مەیامی و پەیوەندیکردنی بە یانەی ئینتەرمەیامییەوە بەهیچ شێوەیەک بڕیارێکی وەرزشی نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی و لە پێناو ژیانێکی شاهانەیە، کە هەموو کارەکە لە کۆتاییدا بە بڕیاری ئانتۆنێلای هاوژینی مێسی یەکلاکرایەوە، هەر بۆ ئەوەش لەو گەشتەیدا کە مێسی مانگێک لەمەوبەر بۆ سعودیە کردی، ئانتۆنێلا و منداڵەکانی لەگەڵ خۆی برد، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کەش و هەوا و ژیانی سعودیە ببینن و بڕیاری خۆیان بدەن، کە دواجار بەدڵنیاییەوە ژیانی ئەمریکا و مەیامی لە سعودیە و ریاز لە پێشتر و خۆشترە و بۆ ئەوانیش گونجاوترە، بۆیە بڕیارەکە بڕیارێکی خێزانییە نەک وەرزشی.
 
مێسی جگە لەوەی لە ئەمریکا بە ئارامییەکی زیاتر و دوور لە هەموو گوشارێک یارییدەکات، هیچ ئامانجێکی بۆ بردنەوەی نازناو و تۆمارکردنی گۆڵ و رکابەریکردن نییە، هۆکارەکەشی ئەمەیە.
 
1- خولی ئەمریکا خولێکی لاوازە و بەهیچ شێوەیەک رکابەریی تێدا نییە، ژمارەی یانەکانی خولەکە دیارییکراون و دابەزین لە خولەکەدا بوونی نییە، بەمەش لە پلەی یەکەم و کۆتایی ریزبەندی خولەکە بیت هیچ کاریگەرییەکی وای نابێت.
 
2- مێسی لە یانەیەکی نەناسراو یارییدەکات کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەخشەی تۆپی پێی جیهان نییە، ناتوانێت رکابەری هیچ یانەیەکی گەورەی تەنانەت کیشوەری ئەمریکاش بکات نەک جیهان، هەلی ئەوەی نابێت لە پاڵەوانێتییەکی گەورەی کیشوەریدا دەربکەوێت، مەگەر بە بانگهێشت نامەی فەرمی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی وەک جامی لیبەرتادۆرێس بکات.
 
3- مێسی بەهەموو شێوەیەک لە جیهان دادەبڕێت، لەکاتێکدا خولی ئەمریکا لە کەناڵەکانی جیهان گرنگییەکی وای پێنادرێت، جگە لەوەش کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولەکەش لە بەرەبەیانان دەبێت کە کەس لە ئاسیا و ئەوروپا ناتوانێت بینەری یارییەکانی بێت.
 
4- تۆپی پێ لە ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگییەکی وای پێنەدراوە و وەرزشی یەکەم  و پێشەنگ نییە، بۆ ئەوان یارییەکی بەیسبۆل، تۆپی پێی ئەمریکی، ئێن بی ئەی و رەگبی زۆر لە تۆپی پێ لەپێشترە.
 
5 مێژووی مێسی 100 هێندەی ناو و ناوبانگی ئینتەرمەیامی و خولی ئەمریکایە و ئەو یانەیەی یاریی بۆ دەکات لە 2018 دامەزراوە و یانەکە تەمەنی سیرۆی کوڕە بچووکەکەی مێسیی هەیە.
 
هەموو ئەمەی کە باسمکرد دەرخەری ئەوەیە کە لیۆ پشتی کردووەتە هەموو بەرژەوەندییە وەرزشییەکانی و تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن و رازیکردنی دڵی ئانتۆنێلا بڕیارییداوە بچێتە مەیامی، کە دەکرێت لە دوای چوونی ئەوانەوە هاوڕێی دیکەشیان رووبکەنە ئەو وڵاتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە