ئەنچیلۆتی باسی سەرۆکی ریال مەدرید و خولی سعودیە و ماڵدینی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا باسی داهاتووی خۆی و پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید کردووە، هەڵوەستەی لەسەر خولی سعودیە کردووە و خۆشترین شاریشی بۆ ژیان هەڵبژاردووە.
 
کارلۆ کە ئەمساڵ لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێناوە، باسی خولی سعودیە و چوونی ئەستێرە گەورەکانی ئەوروپا بۆ ئەو خولە دەکات، ئەو دەڵێت سعودیە دەتوانێ بگاتە ئامانجەکەی خۆی و رکابەریی لەگەڵ خولە گەورەکانی ئەوروپادا بکات.
 
کارلۆ دەڵێ، "سعودیەکان لە تۆپی پێ تێگەیشتوون، دەزانن ئەو یارییە سەرنجی خەڵک رادەکێشێت، خواستی گەورە بۆ تۆپی پێ هەیە و ئەوانیش دەیانەوێت خولەکەیان لە ئاستی خولە گەورەکانی ئەوروپا بێت و ئەوەشیان پێدەکرێت".
 
خولی سعودیە لە زستانی رابردووەوە بووەتە جێگەی سەرنج و رووگەی ئەستێرەکان و پاش چوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ئەو خولە، کەریم بنزیماش رووی لە یانەی ئیتحادی سعودی کرد و چەندین یاریزانی دیکەش بەڕێگەوەن.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی باسی لە ئەزموونی خۆی لە تۆپی پێدا کردووە و دەڵێ، "تۆپی پێ وایکرد گەشت بە هەموو دونیادا بکەم و فێریکردن چۆن بژیم. ئیتاڵیا باشترین شوێنە، بەڵام مەدرید شارێکی نموونەییە، لەندەن و پاریس نایابن، بەڵام گرانن، مۆناکۆ شارێکی جوانە و کەنەدا وڵاتی سرووشتە و بەئازادی هەڵسوکەوتی تێدا دەکرێت. من حەزم بەژیانە لەو شوێنانە".
 
لەبارەی چارەنووسی خۆی و ئەگەری مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل، ئەو دەڵێ، "هەستدەکەم لە ریال مەدرید کێشەم نییە، پەیوەندییەکی نایابم لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید هەیە و ژیان لە مەدرید جادووییە".
 
راهێنەری پێشووی میلان، رەخنەی لە هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ئەو یانەیە لەگەڵ پاولۆ ماڵدینی، بەڕێوەبەری وەرزشیی دوورخراوەی ئەو یانەیە کردووە و دەڵێ، خاوەنە ئەمریکییەکانی یانەکە کولتووری میلان شارەزا نین، ئەوان کەمئەزموونن لەبارەی کولتوریی مێژوویی ئەو یانەیەوە و لەوە ناگەن کە ماڵدینی مانای چی دەدات بۆ یانەکە.
 
کارلۆ پێیوایە گەورەترین کێشەی ئێستای دونیای تۆپی پێ، رەگەزپەرستییە و داوای وەڵامدانەوەی تووند و خێرای کردووە لە ئیسپانیا بەرامبەر ئەو کارە، بەتایبەت کە بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مەدرید ئەنجامدراوە، کارلۆ دەڵێ من لە ئینگلتەرا ئەوەم نەبینیووە بەرامبەر یاریزانان بکرێت، کە لە ئیسپانیا دەیبینم.