لیڤەرپوول یەکەم گرێبەستی هاوینەی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوول یەکەم گرێبەستی گواستنەوەی هاوینەی راگەیاند و بەفەرمی، ماک ئالیستەر، یاریزانی ئەرجەنتینی و یانەی برایتۆنی گواستەوە ریزەکانی.
 
یانەی لیڤەرپوول بەفەرمی لەسەر ماڵپەری خۆی گواستنەوەی ماک ئالیستەری راگەیاند و دەڵێت "یاریزانە 24 ساڵەکە بەسەرکەوتوویی پشکنینی پزیشکیی تەواوکردووە و مەرجە تاکەکەسییەکان رێککەوتنی لەسەر کرا، بۆ ئەوەی کارەکانی واژۆکردنی گرێبەستەکەی تەواوبکرێن."
 
بەپێی هەواڵی یانە ئینگلیزییەکە، ماک ئالیستەر لە ریزەکانی لیڤەرپوول درێسی ژمارە 10 دەپۆشێت، کە لە برایتۆنیش بەهەمان ژمارە یارییدەکرد.
 
ماک ئالیستەر دوای پەیوەندیکردنی بە یانەی لیڤەرپوولەوە گوتی "هەستێکی سەرسوڕهێنەرە، خەونەکەم بۆ یارییکردن لە لیڤەرپوول هاتەدی، سەرسوڕهێنەرە کە لێرەم و ناتوانم چاوەڕوانبم تاوەکو دەستپێدەکەم."
 
یاریزانە ئەرجەنتییەکە زیاتر گوتی "زۆر دڵخۆشم کە هەموو شتەکان تەواوبوون و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ناسینی هاوڕێکانم دەکەم لە تیپەکەدا."
 
ئالیستەر لە کۆتایی قسەکانیدا بە ماڵپەری یانە نوێیەکەی راگەیاند "ساڵێکی خەیاڵی بوو بۆ من، بردنەوەی مۆندیال و ئەوەی لەگەڵ برایتۆن بەدەستمانهێنا، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە بیر لە لیڤەرپوول بکەینەوە و هەوڵبدەین هەموو رۆژێک یاریزانێکی باشتر و مرۆڤێکی باشتربین."
 
گرێبەستی ماک ئالیستەر لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول تاوەکو 2028 دەبێت و میدیای بەریتانیا دەڵێت "بەرامبەر 35 ملیۆن پاوەند واژۆکراوە."