دوای بێهیوابوون لە مێسی.. بارسێلۆنا بیر لە نەیمار دەکاتەوە

08-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نەیمار جونیۆر، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، گەڕایەوە نێو بازنەی بایەخی بەرپرسانی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی شکستی هێنا، کە رووی لە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی کرد.
 
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا، رایانگەیاند کە بارسا پێویستی بە گرێبەستێکی گەورە هەیە لە هێڵی هێرشبردن، هەروەها نەیمار دەبێتە یەکێک لەو یاریزانانەی کە تواناکانی پێشکێشی بارسا دەکرێن، بەڵام بەو مەرجەی هەوڵبدات بۆ رەخساندنی ئاسانکاری دانوستاندن لەگەڵ یانە پاریسییەکە بکات.
 
ئاماژەیان بەوەشکردووە، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسا لەگەڵ مێسی قسەی کردبوو، رۆڵێکی گەورەی پێبەخشیبوو لە پێکهاتەی سەرەکیدا، بەڵام نەیانتوانی بیگەڕێننەوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، بەڵام ئێستا چاڤی دەبێت بیر لە باڵێکی هێرشبەری بکاتەوە کە چارەسەر بۆ سێ یاریزانی پێشەوەی دابین بکات، رافینیا، عوسمان دێمبلی و لیڤاندۆڤسکی.
 
روونیشیانکردووەتەوە، بژاردەی یەکەمی راهێنەری بارسا لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا یاریزانێکی ناوەڕاستە کە جێگەی رۆیشتنی بوسکێتس بگرێتەوە، هەروەها یاریزانێکی باڵی هێرشبەرە، بەهۆی ئەوەی لەو شوێنەدا تەنیا فاتی و فێران تۆرێس بەردەستن.
 
ئەم هەواڵانە لەبارەی نەیمارەوە لە کاتێکدان کە هەوڵەکانی بارسێلۆنا بۆ گەڕاندنەوەی نەیمار دوای 6 ساڵ لە رۆیشتنی ئاڵۆز دەبن بەهۆی مووچە زۆرەکەی و مەرجەکانی یانە پاریسییەکە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا، ناوی دیکەش هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هێڵی هێرشبەریی بارسا، وەک بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بەو پێیەی کارگێڕیی بارسێلۆنا ئەو پارەیەی کە تەرخانی کردبوو، بۆ گرێبەستی مێسی، دووبارە بەکاردەهێنێتەوە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی نەیمار جونیۆر لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، لەگەڵ بوونی بڕگەیەک لە گرێبەستەکەیدا کە ماوەکەی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تاوەکو ساڵی 2027 درێژدەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە