رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، دەیەوێت لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێکانی پێشووی لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا، گرێبەست بکات و جارێکی دیکە ئەوان لە دەوری ئەو ئەستێرەیە کۆبکاتەوە.
مێسی بەفەرمی ویستی تەواوکردنی ژیانی وەرزشیی خۆی لە خولی ئەمریکی راگەیاند بە گواستنەوەی بۆ ریزەکانی یانەی ئینتەرمەیامی لەم هاوینەدا، بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی ئەوروپی پڕ لە دەستکەوتی بهێنێت.
بەگوێرەی کەناڵی TyCSportsـی ئەرجەنتینی، ئینتەرمەیامی دەیەوێت هەندێک یاریزانی بارسێلۆنا بباتە ریزەکانی، کە پێشتر لە سەردەمی زێڕینی بارسادا شانبەشانی مێسی یارییان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆردی ئەلبا و سێرخیۆ بوسکێتس لەنێو ئەو یاریزانانەدان کە یانە ئەمریکییەکە دەیەوێت گرێبەستیان لەگەڵ بکات، سەرەڕای ئەوەی مێسی لەم دواییانەدا لە لێدوانێکدا گوتی "هیچ شتێک لەسەر چارەنووسی ئەوان نازانێت".
هەروەها دەشڵێت "یانەکە کار لەسەر گواستنەوەی لویس سوارێزیش دەکات کە هاوڕێیەکی نزیکی مێسییە و یەکێکە لە باشترین هێرشبەرەکانی مێژووی بارسێلۆنا".
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای سەختی گرێبەستکردن لەگەڵ سوارێز بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی گرێمیۆی بەرازیلی تاوەکو ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ئەگەری پێشکێشکردنی دەستەوارەیەکی گەورەدا، لەوانەیە بۆچوونەکان بگۆڕدرێن و ئەگەری بەیەکگەیشتنەوەی لەگەڵ مێسیدا دێتە ئاراوە.
لە کۆتایی وەرزی رابردوودا ئەلبا و بوسکێتس ریزەکانی بارسێلۆنایان بەجێهێشت، بەو پێیەی یانەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا سوپاسی ئەوانی کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بەنێوبانگ لە بواری گواستنەوەی یاریزانان، کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتەر" بڵاویکردووەتەوە، ئینتەرمەیامی دەیەوێت هەوڵبدات ئانخێل دی ماریای ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە گواستنەوەیەکی بێبەرامبەردا بباتە ریزەکانی، کە ئەویش نزیکترین هاوڕێی مێسییە و پێکەوە مۆندیال و کۆپا ئەمریکایان بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ بردووەتەوە.
بەڵام رۆمانۆ دەشڵێت "بۆ دی ماریا بژاردەی یەکەم تیپە ئەوروپییەکانە، بەو پێیەی بێنفیکای پٶرتوگالی هەوڵدەدات لەم هاوینەدا بیباتەوە ریزەکانی، کە پێشتر یاری بۆ ئەم یانەیە کردووە".
دی ماریا دوای کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بووە بە یاریزانێکی ئازاد و لەگەڵ خانمە پیرەکە سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەگەیشتە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ