دادگاییکردنی سەرۆکەکانی فیفا و یوفا دەستیپێکرد

08-06-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێپ بلاتەر میشێل پلاتینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگاییکردنی جۆزێپ سێپ بلاتەر، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و میشێل پلاتینی، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەستیپێکرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بێلینزۆنای سویسرا بە تۆمەتی فێڵکردن لە تۆپی پێدا دادگاییکردنی هەردوو بەرپرسی گەورەی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپا دەستیپێکرد.
 
چاوەڕواندەکرێت دادگاییکردنی ئەو دوو بەرپرسەی چەندین ساڵ لە لووتکەی هەڕەمی تۆپی پێدا بوون، ماوەی یازدە رۆژ بخایەنێت کە یەکەمجارە دوای کەوتنیان ئەو دوو کەسە بچنە بەردەم دەستەڵاتی دادوەری.
 
لە ساڵی 2015 داواکاریی گشتی فیدراڵیی سویسرا لێکۆڵینەوەکانیان ئاشکرا کرد، سەبارەت بەوەی کە پلاتینی 2 ملیۆن دۆلاری لە فیفا وەرگرتووە و لە 2011 ئەوە لەلایەن جۆزێپ سێپ بلاتەرەوە پەسەندکراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی یاسایی هەبێت.
 
هەرچەند پێشتر بلاتەر رایگەیاندووە، ئەو پارەیە لەبەرامبەر کارەکانی پلاتینی وەک راوێژکاری فیفا بەو کەسایەتییە دراوە، بەپێی گرێبەستێکی زارەکی ئەو پارەیەی بۆ خەرجکراوە، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی بلاتەردا لە نێوان 1998 تاوەکو 2002 پلاتینی کاری لەگەڵ کردووە.
 
هەردوولا بەرگری لە خۆیان دەکەن و هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە باس لە گەندەڵییەکانیان دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە