سەرۆکی ئەمانە بەغدا: سەرهەنگ موحسین پێویستە گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەی عێراق بێت

رووداو دیجیتال 

سەرۆکی یانەی ئەمانە بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "سەرهەنگ موحسین باشترین گۆڵپارێزی عێراقە و شایستەی ئەوەیە وەک گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەی عێراق یاری پێبکرێت". 

وەرزی ئەمساڵ سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی ناسراوی شاری هەولێر گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئەمانە بەغدا واژۆکرد و رۆڵێکی بەرزی لە پاکڕاگڕتنی گۆڵی تیپەکەی بینی. 

فەلاح مەسعود، سەرۆکی یانەی ئەمانە بەغدا، لەو لێدوانە تایبەتەی بە رووداو، رایگەیاند "دەستکەوتە بۆ یانەکەمان کە سەرهەنگ موحسین بە ئەزموونێکی زۆر و رەوشتێکی بەرزەوە لە ریزەکانی تیپەکەماندایە، لە هەموو یارییەکاندا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و شایستەی ئەوەیە گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەی عێراق بێت".

بانگهێشتنەکردنی سەرهەنگ موحسینی گۆڵپارێزی کورد کاردانەوەیەکی زۆری لە شەقامی وەرزشیی عێراق لێکەوتەوە، دەنگی زۆرینە پاڵپشتیکردنی سەرهەنگە بۆ گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق. 

مەسعودی روونیکردەوە "داوادەکەین سەرهەنگ وەک باشترین گۆڵپارێز بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکرێت، چونکە مافی خۆیەتی وەک گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەکە یاری پێبکرێت و دەرفەتی پێبدرێت، پێموایە سەرهەنگ دەتوانێت خزمەتێکی گەورە بکات".

سەرهەنگ موحسین، لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی هەولێر 4 نازناوی خولی یانە نایابەکانی عێراقی بەرزکردووەتەوە، هەروەها دووجار گەیشتووەتە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا، هەروەها گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی و هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بووە.