تیتێ: سەرەڕای هەڵمەتی لایەنگرانی سەرۆکی بەرازیل دەستلەکارناکێشمەوە

08-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیتێ کۆپا ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئادینۆر لیۆناردۆ پاچی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل رەتیکردەوە هەڕەشەی لەسەرکارلابردنی لێکرابێت، بەهۆی هەڵوێستی بەرامبەر بەڕێوەچوونی کۆپا ئەمریکا لە بەرازیل. ئەو گوتی  "سەرەڕای هەموو گوشارەکان بەردەوام دەبم لە کارکردن و هەموو کۆششەکانم دەخەمەڕوو لەپێناو سەماکەرانی سامبا".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، تیتێ بەشێوەیەکی کاتی دووپاتیکردەوە کە ئەو هەڕەشەی لەسەرکارلابردنی لێنەکراوە لەلایەن رۆجێرۆ کابۆکلۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلەوە، بەهۆی جیاوازی بۆچوونەکانیان، سەبارەت بە میوانداریکردنی کۆپا ئەمریکا لەلایەن بەرازیلەوە، دوای کشانەوەی ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا لەو ئەرکە.

ئەو راهێنەرە رەتیکردەوە پێشبینی لەبارەی هەڵوێستی هاوبەشی یاریزان و لیژنەی هونەری لەبارەی ئەنجامدانی کۆپا ئەمریکا لە بەرازیل بکات، کە دوای یارییەکەی لەگەڵ پاراگوای لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر ئاشکرا دەکات.

جگە لەوەش راهێنەرەکە نکۆڵی و لەوە نەکردووە کە بەرازیلیەکان وازیان لە بایکۆت هێناوە و بڕیاریانداوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن، کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات.

تیتێ، گوتیشی "ئێمە رێز و حورمەتی خۆمان بۆ دۆخەکە دووپاتدەکەینەوە، بۆیە دوای یارییەکانی پاڵاوتن، لیژنەی تەکنیکی و وەرزشوانان رای خۆیان ئاشکرادەکەن".

راهێنەرەکە دووپاتیکردەوە کە سەرەڕای هەڵمەتی لایەنگرانی بۆلسۆنارۆی سەرۆکی بەرازیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، بەڵام بەتەواوی لە کارکردن بەردەوام دەبێت.

ئەو گوتیشی "رێزێکی زۆرم هەیە بۆ کارەکەم و بۆ تیپی بەرازیل، باشترین رێگەش بۆ متمانەدان بەو کەسانەی کە پشتگیریم دەکەن و ئەوانەی دژایەتیشم دەکەن، ئەوەیە کە هەموو هەوڵەکانی خۆم بخەمەگەڕ".

تیتێ، روونیکردەوە کە پابەندبوونی ئەو ئەوەیە لەگەڵ بەرژەوەندی تیپەکەیدا بێت نەک لەگەڵ پارت و لایەنێکی سیاسی و گوتی "بەرپرسیاریەتی من ئەوەیە کە تیپی بەرازیل بەباشی یاری بکات و بێگومان من ئەوە دەکەم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە