رۆماریۆ په‌لاماری مردووانیش ده‌دات


رووداوی وره‌زشی ـ Samba
رۆماریۆ، هێرشبه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل و یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی، به‌ لێدوانێك هه‌موو ئیسپانییه‌كانی تووڕه‌ كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌ خراپه‌ باسی لویس ئاراگۆنێزی راهێنه‌ری كۆچكردووی ئیسپانیای كردو به‌ "پیاوی شێت" وه‌سفیكرد.

رۆماریۆ، وه‌ك هه‌موو جارێ له‌سه‌ر له‌خۆباییبوونی خۆی به‌رده‌وام بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌مجاره‌ هه‌موو سنووره‌كانیشی به‌زاند و به‌شێوه‌یه‌كی ناشیاو باسی پیاوێكی به‌ناوبانگی كرد، كه‌ مردووه‌و هه‌موو ئیسپانییه‌كان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن.

 ئه‌و له‌باره‌ی ئاراگۆنێزه‌وه‌، كه‌ نازناوی یۆرۆی 2008ی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بردووه‌ته‌وه‌، گوتی "ئاراگۆنێز پیاوێكی شێت بوو". ئیسپاییه‌كانیش پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ بێ رێزییه‌ به‌رامبه‌ر خانه‌واده‌ی راهێنه‌ری كۆچكردوو.

هۆكاری ئه‌و رقه‌ی رۆماریۆ بۆ ئاراگۆنێز بۆ وه‌رزی 1996 ـ 1997ی لالیگا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هه‌ردووكیان وه‌ك راهێنه‌ر و یاریزان له‌ یانه‌ی ڤاڵنسیا بوون و ئه‌وكات ناكۆكی كه‌وته‌ نێوانیان.

رۆماریۆ، به‌وه‌نده‌ش رانه‌وه‌ستاو په‌لاماری هاونیشتیمانییه‌كه‌ی، نه‌یمار دا سیلڤای ئه‌ستێره‌ی ئێستای هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل و یانه‌ی بارسَلۆنای ئیسپانیشی داو گوتی "نه‌یمار یاریزانێكی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت له‌ من باشتر بێت، چونكه‌ من باشترین هێرشبه‌رم له‌ مێژوودا و هه‌تا هه‌تایه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مێنمه‌وه‌".