پاریس سانجێرمان بۆچی سزاکەی مێسی کەمکردەوە؟

08-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە فەرەنسا، هۆکاری کەمکردنەوەی سزاکەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە لایەن کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانەوە ئاشکراکرد، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە مەشق و یارییەکان سڕکرابوو، لەگەڵ لێبڕینی مووچەی دوو هەفتەی.
 
دوای ئەوەی مێسی گەشتی سعودیەی کرد، یانەی پاریس بڕیاریدا سزای بدات، گوایە بەبێ مۆڵەتی یانەکە رۆیشتووە. دواتر مێسی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی کرد.
 
مێسی ئەمڕۆ دووشەممە، بەتەنیا لە یاریگەی مەشقەکانی پاریس سانجێرمان مەشقی کرد،  چونکە هاوڕێکانی ئەمڕۆ پشوویان وەرگرتبوو، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە بە ئەنجامی 3-1 لە تروایان بردەوە.
 
رۆژنامەی لۆ پاریسیان، پشتڕاستی کردەوە کە داوای لێبوردنەکەی مێسی، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، لەلایەن کارگێڕیی پاریسەوە زۆر بەرز نرخێندراوە، بۆیە بڕیاردرا سزای سڕکردنی مێسی کەمبکرێتەوە.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسیش، لەو بارەیەوە رایگەیاند، داوای لێبوردنەکەی لیۆ بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو و بەرپرسانی یانە پاریسییەکە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان بڕیاری لێبوردنی مێسی و کەمکردنەوەی سزاکەی داوە، ئەمەش بۆ ئەوەی مشتومڕی زیاتر و جەنجاڵی میدیایی لە دەوری یانەکەی دروست نەبێت، بەتایبەتی کە لە قۆناخێکی هەستیاردایە و دەیەوێت نازناوی لیگ وەن یەکلایی بکاتەوە.
 
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، تەمەن 35 ساڵ، سبەی سێشەممە، دەتوانێت لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداری لە مەشقی بەکۆمەڵی یانەکەیاندا بکات و ئامادە دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەجاکسیۆ، کە یەکشەممەی داهاتوو، لە گەڕی 35ـی خولی فەرەنسادا بەڕێوەدەچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە