"مێسی بۆ هیلال"

 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی یەکلابوونەوەی داهاتووی لیۆنێل مێسی دەکەن، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێت "یاریزانەکە رازییە بچێتە یانەی هیلال."
 
بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆی ئیسپانی لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "لیۆنێل مێسی رازییە لە خولی سعودیە یاریی بکات و پەیوەندی بە یانەی هیلالەوە بکات."
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هیلال نایەوێت بەتەنیا مێسی بباتە ریزەکانی بەڵکو سێرخیۆ بوسکێس، یاریزانی یانەی بارسێلۆناش دەگوازێتەوە، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەیەکەوە لە یانەکە یاریی بکەن و هەوڵ بۆ گواستنەوەی خۆردی ئەلبای بەرگریکاری هەمان یانەش دەدات.
 
یانەی هیلال دوای دۆڕاندنی لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، بۆ وەرزی داهاتوو دەیەوێت گۆڕانکاری گەورە لە تیپەکەیدا بکات و دەستبەرداری چەند یاریزانێکی دەبێت.
 
سەرەتای ئەم مانگە مێسی و ئانتۆنێلای هاوژینی بە گەشتێکی سێ رۆژە چوونە ریازی پایتەختی سعودیە، ئەم گەشتەی لیۆ کاردانەوەی گەورەی دروستکرد و چەند سەرچاوەیەک رایانگەیاند، یاریزانەکە لەگەڵ یانەی هیلال کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەبارەی گرێبەستی یانەکەوە کراوە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "دەستەوارەی یانەی هیلال بۆ لیۆنێل مێسی 400 ملیۆن یۆرۆیە و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت، لەگەڵ ئەوەی مامەڵەیەکی نایاب لە هەموو روویەکەوە لەگەڵ یاریزانەکە دەکرێت و دەستەوارەکە چەندین گۆڕانکاریشی تێدایە."
 
مێسی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30-6 کۆتاییدێت، بەئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە لە یانە فەرەنسییەکە دەڕوات، بەتایبەت کە یاریزانەکە بەهۆی چوونی بۆ سعودیە لەلایەن یانەکەوە سزادراوە و لە ماوەی رابردووشدا هاندەرانی یانەکە چەندینجار فیکەیان لە دژی یاریزانەکە لێدا.