هەنگاوەکان بۆ رازیکردنی مۆرینیۆ دەستپێدەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەنگاوەکانیان بۆ رازیکردنی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما دەستپێکرد، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.
 
رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت "لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان پەیوەندیی بە خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی مۆرینیۆوە کردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرەکە بکەن."
 
بەپێی سەرچاوەکە مۆرینیۆ بژاردەی یەکەمی کامپۆسە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو راهێنەرایەتی یانەی پاریس سانجێرمان بکات، بۆ ئەوەش دەیەوێت سوود لە پەیوەندیی خۆی و خۆرخی مێندێز وەربگرێت.
 
مۆرینیۆ لەگەڵ ئەوەی تیپێکی بەهێزی بۆ رۆما دروستکردووە و لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگە و وەرزی رابردووش نازناوی کۆنفرانسیلیگی بۆ یانەکە بردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داهاتووی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە دیارنییە و ئەگەری هەیە لە کۆتایی وەرزدا، مۆرینیۆ یانەکەی پایتەخت بەجێبهێڵێت.
 
پاریس سانجێرمان لە جامی فەرەنسا و چامپیۆنزلیگ دەرکرا و لە خولی فەرەنساش ئەنجامەکانی بەدڵی هاندەران نین، یانەکە لە بارودۆخێکی خراپدایە و ئەگەری هەیە لە دوای کۆتاییهاتنی وەرزەکە کریستۆڤ گالتێ، لە راهێنەرایەتی یانەکە دووربخرێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە میدیای بەریتانیا دەڵێت "یانەی چێڵسی دەیەوێت مۆرینیۆ بکاتە راهێنەری داهاتووی تیپەکە، بەڵام راهێنەرە پۆرتوگالییەکە وەرگرتنی ئەو یانەیەی رەتکردووەتەوە، کە ئێستا فرانک لامپارد، بەشێوەیەکی کاتی راهێنەرایەتیی دەکات."