دوایین دەستەوارەی ریال مەدرید بۆ کیلیان ئێمباپێ

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ناوەڕۆکی دوایین دەستەوارە ئاشکرا دەکەن کە لە لایەن یانەی ریال مەدریدەوە پێشکێشی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان کراوە.
 
ئەگەرچی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بەئاشکرا داوای لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید و بەرپرسانی ئەو یانەیەش بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە دانوستاندنیان لەگەڵ یانەی پاریسی کرد، بەڵام رێگەیان پێنەدا و دەرئەنجام یاریزانەکە لە یانەی خۆی مایەوە، بەڵام لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ماوەی گرێبەستی کیلیان لەگەڵ پی ئێس جی کۆتاییدێت و یاریزانەکە دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە ریال مەدرید.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانیانە، دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان لە لایەن ریال مەدریدەوە لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا، بەرپرسانی مێرینگێ لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا دەستەوارەیەکیان پێشکێشی ئێمباپێ کرد بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی شاهانە.
 
سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەو دەستەوارەیە، ئەو سەرچاوانە دەڵێن "دەستەوارەی ریال مەدرید بریتی بوو لە پێدانی 180 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت بە ئێمباپێ، لەگەڵ مووچەیەکی ساڵانە بە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بەبێ باج، لەگەڵ 50٪ـی مافەکانی وێنەگرتنی تایبەت بە یاریزانە فەرەنسییەکە.
 
بەپێی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، ئەو یاریزانە پێیوابووە ئەو دەستەوارەیەی ریال مەدرید گرانترینە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رازی نەبووە بۆ ریال مەدرید دەستبەرداری 50٪ـی مافەکانی وێنەگرتنی تایبەت بەخۆی ببێت.
 
هەر ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە بەهۆی ئەم خاڵەوە، ئێمباپێ ماوەی مانگ و نیوێک بیری لەوە کردووەتەوە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە یان نا.
 
بەپێی بۆچوونی چاودێران، ئێمباپێ لەم وەرزدا 40 ملیۆن یۆرۆ مافی سپۆنسەری وەردەگرێت، بەڵام دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ، بەتایبەتی کە کیلیان زۆر دەستەوارەی بازرگانی پێشکێش دەکرێت.
 
پارێزەرانی ئیسپانی، پێیانوایە رۆیشتنی ئێمباپێ بۆ ریزەکانی ریال مەدرید کاریگەرییەکی دووئەوەندەی بەسەر نرخی وێنەکانی تایبەت بەخۆیەوە دەبێت، ئەوەش قەربووی ئەو 50٪ـی مافەکانی بۆ دەکاتەوە کە بۆ بەرژەوەندی ریال مەدرید دەستبەرداریان دەبێت.
 
دلفین فێرتایدین، خانمە پارێزەری تایبەت بە کیلیان ئێمباپێ و پسپۆر لە بواری مافی وێنەکان، پێیوایە ئەستێرەی فەرەنسی پێویستی بە ریال مەدرید نییە بۆ ئەوەی لە تەمەنی 23 ساڵیدا ببێتە دیارترین یاریزانی جیهان لەسەر ئاستی بازاڕکردن.
 
سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە چەندین دەستەوارەی یانەی پاریسی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەو یانەیە هێشتا هیوایەکیان ماوە کە تاوەکو کۆتایی وەرز بتوانن ئێمباپێ لە رۆیشتن لە یانەکە پاشگەز بکەنەوە و گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان پلانێکی دیکەی هەیە بۆ رازیکردنی کیلیان، کە بەپێی ئەو سەرچاوانە ئێستا دانوستاندن لە نێوان یانەکە و یاریزانەکە لە ئارادایە و ئێمباپێ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە رۆیشتن لە یانەکەی.