ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ کلاسیکۆی بردەوە و بووە پاڵەوان

 
رووداو دیجیتاڵ

کلاسیکۆی پۆرتوگال و ئێوارە مێژووییەکەی پۆرتۆ بەم هێرشەی مەهدی تاریمی لەنێوان هەردوو یانەی پۆرتۆ و بێنفیکا دەستیپێکرد.
 
لەسەرەتای نیوەی دووەمدا داروین نونێش گۆڵێکی تۆمارکرد، ئاهەنگێکی شێتانەی گێڕا و هاندەرانی یانەکەشی خستە نێو خۆشییەکی زۆر، بەڵام خۆشییەکی ماوە کورت، لەکاتێکدا گۆڵەکەی بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.
 
6 خولەک بۆ کاتی ئاسایی یارییەکە زیادکرا، لە خولەکی 93 زایدو سانوسی، یاریزانی نەیجیری گرنگترین گۆڵی لە ژیانی خۆیدا بۆ پۆرتۆ تۆمارکرد، بەو گۆڵە نازناوی ئەم وەرزەی خولی پۆرتوگالی بۆ یانەکەی یەکلاکردەوە و کلاسیکۆی بەخشییە هاندەرانی شین پۆشەکانی دراگاو.
 
لەکاتێکدا ئەوان تەنیا پێویستییان بە خاڵێک هەبوو، بەڵام یارییەکەیان بردەوە.
 
دوای گۆڵەکە هەمووان کەوتنە نێو خۆشی و ئاهەنگەوە، یاریزانەکەش فرمێسکی بۆ بردنەوەی نازناوەکە باراند.
 
سێرجیۆ کۆنسێساو، راهێنەری پۆرتۆ، ئەمە جاری سێیەمی نازناوی خولی پۆرتوگال لەگەڵ یانەکەی دەباتەوە، دوای ئەوەی لە 2018 و 2020 نازناوەکەی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.
 
ئەمە جاری سێیەمە لە ماوەی 5 وەرزی رابردوودا پۆرتۆ نازناوی خولی پۆرتوگال دەباتەوە، بەبردنەوەی نازناوەکە یانەکە بووە خاوەنی 30 نازناو لە مێژوودا و دووەم یانەیە زۆرترینجار بووبێتە پاڵەوان، دوای یانەی بێنفیکا کە 37 جار نازناوەکەی بردووەتەوە.
 
نازناوەکە لە لیسبۆن یەکلاکرایەوە، بەڵام هاندەران لە پۆرتۆ رژانە سەر شەقامەکان و بەبۆنەی بردنەوەی نازناوەکە ئاهەنگیان گێڕا.