یۆفا بوێری ئەوەی هەیە بارسا و ریال و یوڤێ لە چامپیۆنزلیگ دەربکات؟

08-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆفا بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئایا یۆفا بوێری ئەوەی هەیە، هەرسێ یانەی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و یوڤێنتوس بەهۆی نەکشانەوەیان لە پڕۆژەی سوپەرلیگ سزابدات و لە چامپیۆنزلیگ دەریانبکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەگەر وەڵامەکەی بەڵێ بێت، خودی یۆفا زیانێکی زۆری بەردەکەوێت.

رۆژی هەینی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا سزای 9 یانە لە کۆی ئەو 12 یانانەی بڵاوکردەوە، کە بەشداریکردنی خۆیان لە سوپەرلیگدا راگەیاندبوو، هەروەها دۆسیەی 3 یانەکەی دیکەش رادەستی لیژنەی تەمبێکاری یۆفا دەکات. 

یۆفا لە بڵاوکراوەکەی خۆیدا رایگەیاند، سزای لیڤەرپوول، مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، چێڵسی، تۆتێنهام، ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەی سی میلان و ئینتەرمیلان دەدات بە کەمکردنەوەی 5٪ـی داهاتەکانیان لەسەر ئاستی ئەوروپا بۆ یەک وەرز.

یۆفا هەروەها بڕیاریدا ئەو یانانە ناچاربکرێن نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ بە تۆپی پێی میللی، منداڵ و گەنجان ببەخشن، ئەگەر جارێکی دیکەش لە چامپیۆنزلیگ داببڕێنەوە، هەریەکێکیان بە 100 ملیۆن یۆرۆ سزا دەدرێت.

سەبارەت بە یانەکانی ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یۆڤێنتۆسیش، بڕیاردراوە رێکاری تەمبێکارانە لەدژیان جێبەجێبکرێت، لە کاتی تەواوکردنی پڕۆژەی سوپەرلیگ.

یۆفا بە دووری نازانێت، ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس لە بەشداریکردن لە چامیۆنزلیگ بێبەش بکات، کە هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لەو دەزگایە دەڵێن "یۆفا پێشنیاز دەکات ئەو 3 یانەیە بۆ ماوەی 2 ساڵ لە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بکات".

لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، باس لەوە دەکەن کە ئەگەر یۆفا بڕیاری دەرکردنی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و یوڤێنتوس لە چامپیۆنزلیگ بدات، لە ماوەی وەرزێکدا بڕی 850 ملیۆن یۆرۆ لە مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی لەدەستدەدات، بۆیە وەک ئەو سەرچاوانە ئاماژەی بۆ دەکەن، زۆر زەحمەتە یۆفا بوێری ئەوەی هەبێت سەرکێشییەکی ئەوەندە مەترسیدار بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە