رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا دەبێتە میوانی ئارسیناڵ.
لەکۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا راهێنەرانی هەردوو یانە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەکەیان قسەیان بۆ میدیاکاران کرد، کە پوختەی قسەکانیان بەمشێویە بوو:
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ:
متمانەی تەواوتان بەخۆتان هەبێت، کاژێر 8ـی شەو، 11 یاریزان، 60 هەزار هاندەر، دڵنیاین ئامادەین بۆ بردنەوە، ئەمە ئەو عەقڵیەتەیە کە من دەمەوێت، ئەوەی دیکەش بۆ ئەوەی ئەو تیپە بین کە لە چارەکی کۆتایی وەرزدا بووین، لەگەڵ هەموو ئەو هەوراز و نشێو و ئاڵنگاریانەی بەسەرماندا تێپەڕین، دەبێت بەردەوام بین لەسەر ئەوە، چونکە ئەمە هێزی راستەقینەی ئێمەیە.
هەر لەبەر ئەمەشە تۆپی پێم هەڵبژارد، هەر لەبەر ئەمەشە دەستم بە راهێنەرایەتی کرد، بەتایبەت لەم یانەیە، 20 ساڵە یارییەکی لەم شێوەیەمان ئەنجام نەداوە، ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی چیرۆکی خۆمان بنووسینەوە، ئەوە ئامانجمانە.
لەسەدا سەد، خۆئامادەکردن بۆ ئەم یارییە هەستێکی زۆر خۆشە، بینینی کاردانەوەی خەڵک، چۆن هەست بەخۆمان دەکەین کە خۆمان بۆ یارییەکی وا گرنگ ئامادە دەکەین، ئەو ورووژاندنەی لە دەوری یانەکە و هاندەران هەیە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە ئێمە دەمانەوێت لێی بین، پێویستە ئارسیناڵ بەردەوام بێت، ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە لێرەین.
ئەمە تەنیا یەکەم یاری دەبێت وەک باسم کرد، بەڵام بێگومان مەبەستی تیپەکە زۆر روونە، دەمانەوێت لەم یارییەدا چی بەدەستبێنین.
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
نازانم، نازانم، خەڵکی لە من بێزاربوونە یان نا! لەوانەیە خەڵکێکی زۆر بێزاربن، بەڵام پێموانییە گرنگترین کەس کە سەرۆکە لە من بێزار بێت، گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو دڵخۆشە لەگەڵم و پشتگیریم دەکات و یارمەتیم دەدات، ئەوەش شتێکی گرنگە. سەبارەت بە ئەوانی دیکە، دەکرێت خەڵکێکی زۆر هەبن کە تەواو بێزاربن لە من. ئەوەی هاوکێشەکە دەگۆڕێت ئەوەیە کە گرنگترین کەس لەگەڵ مندایە و یانەکە لە من بێزار نەبووە.
پێموایە دەتوانین ئەم وەرزە زیاتر لە نازناوێک ببەینەوە، ئەگەرنا لێرە نەدەبووم، تەنانەت بیرم لەوە دەکردەوە پلانی پشوویەک دابڕێژم. پێموایە هەموو شتێکمان هەیە بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بۆ بردنەوە و رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان، دەبێت هەوڵبدەیت بۆ بردنەوە، ئەگەر شتەکان بەباشی بەڕێوەبچن سەردەکەویت، ئەگەرنا، ئەوا دەبێت بیر لە وەرزی داهاتوو بکەیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ