رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی لە قۆناخی پێشوودا، هەرزوو و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، بەتۆمارکردنی حەوت گۆڵ لە یەک یارییدا، بەرامبەر ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، ئەنجامێکی مێژوویی و تۆمارێکی لەبیرنەکراوی بەدەستهێنا، بەڵام لەم قۆناخەدا بۆ یانە ئینگلیزییەکە، هەموو شت جیاوازە، چونکە رکابەرەکەی، هاتووە بۆ ئەوەی بەرگریی لە نازناوەکە بکات.
ئارسیناڵ لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات و چاوی لەوەیە هەنگاوێکی دیکە بەئاراستەی گەیشتن بەچوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە بنێت.
یانە ئینگلیزییەکە ئەگەرچی هێشتا لە رکابەریی نازناوی پرێمەرلیگدا هەست بەئومێدێکی لاواز دەکات، بەڵام هەر سوورە لەسەرئەوەی خۆی بەدەستەوە نەدات و گۆڕەپانەکە بۆ لیڤەرپوولی رکابەری بەجێنەهێڵێت کە لە دوایین یاریی خۆیدا، دووچاری شکست بووە.
ئارسیناڵ لە یارییەکەدا خاوەنی چەکێکی زۆر کاریگەر دەبێت، کە گەڕانەوەی بوکایۆ ساکای هێرشبەری باڵی تیپەکەیە، پاش ماوەیەک دابڕان بەهۆی پێکانەوە.
ساکا کە لە دوایین یاریی یانەکەیدا لە پرێمەرلیگ گۆڵی تۆمارکردووە، ئەوەش وایکردووە کە ورەیەکی بەرزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید هەبێت، ئەگەرچی یانەکەی بەدەست پێکرانی ژمارەیەک یاریزانەوە، بەتایبەت لە هێڵی بەرگریدا دەناڵێنێت.
ریال مەدرید لای خۆیەوە، بەدۆخێکی شپرزە و ئاستێکی خراپ و کێشەیەکی زۆرەوە روو لە ئیمارایتس دەکات، بەڵام بۆ ئەو یانە ئیسپانییە، هەموو کات چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی لێکدانەوەکانی ئاستی خراپ و کێشەدا دەبێت.
ریال مەدرید لە پاش شکست بەرامبەر ڤالێنسیا لە لالیگا، کە بەدانپێدانانی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری، رکابەریی لەسەر نازناوەکەی لاواز بووە، دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگە دڵخوازەکەیدا لە هەنگاونان بەردەوام بێت و بۆی گرنگە لە یارییەکەی ئەمشەودا، لانیکەمی زیانی بەربکەوێت، تاوەکو یەکلاکردنەوەی رێگەکەی لە نێو یاریگەی خۆیدا ئەنجام بدات.
ریال مەدرید وێڕای هەموو ئاستەنگی و دۆخە خراپەکەی و وێڕای ئەو بێسەروبەرییەی لە یارییەکانی وەرزی ئەمساڵدا پێشانی داوە، بەڵام بۆی گرنگە لە گۆڕەپانی ململانێیەکەدا بمێنێتەوە، چونکە چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتیی دڵخوازی ئەوە و نایەوێت لەم قۆناخەدا ماڵئاوایی لێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ