ئامەدسپۆر 10 یارییە لەسەر یەک دەیباتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ لە یانەی ئینەگۆلی بردەوە و کاستامۆنوسپۆریش کە رکابەری ئامەدسپۆرە دوو خاڵی لەدەستدا.
لە هەفتەی 34ـەمی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیادا یانەی ئامەدسپۆر لە یاریگەی خۆی پێشوازی لە یانەی ئینەگۆلسپۆر کرد و بە ئەنجامی 5 گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی لێ بردەوە.
لە خولەکی 12ی یارییەکەدا بەرک ئیسماعیل ئونساڵ گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
هەریەک لە یاریزانان مەرد چاپار و ئوغور ئادەم گەزەر لە خولەکەکانی 14 و 24دا گوڵیان کرد و یارییەکە لە خولەکی 24 بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی ئامەدسپۆر بوو.
یاریزانانی ئینەگۆل لە خولەکەکانی 31 و 39 دوو گۆڵیان تۆمارکرد و گێمی یەکەمی یارییەکە بە 3-2 کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا ئامەدسپۆر بە گوشار دەستیپێکرد و یاریزان مەرد چاپار لە خولەکی 47 گۆڵێکی دیکەی کرد و ئەنجامەکەی گۆڕی بۆ (4-2).
هەروەها بەرک ئیسماعیل ئونساڵ لە خولەکی 52دا گۆڵی پێنجەمی بۆ ئامەدسپۆر تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ لە بەرژەوەندیی ئامەدسپۆر کۆتایی هات.
ئامەدسپۆر 10 یارییە بەسەریەکەوە دەیباتەوە
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ هەوڵێکی گەورەی بۆ گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا دەستپێکردووە و ئێستاش یەکەمی کۆمەڵەی سوورە.
ئەو یانەیە کە 10 یارییە بەسەر یەکەوە دەیباتەوە و 14 یاریشە نەیدۆڕاندووە، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت، راستەوخۆ دەچێتە خولی یانە پلە یەکەکان.
رکابەرەکەی ئامەدسپۆر دوو خاڵی لەدەستدا
یانەی کاستامۆنوسپۆر رکابەری ئامەدسپۆر بوو و بە خاڵێک لە دوایەوە بوو.
رۆژی یەکشەممە، 7-4-2024 کاستامۆنوسپۆر بووە میوانی یانەی دەرینجەسپۆر و یارییەکە بێ گۆڵ کۆتاییهات.
بەو جۆرە یانەی کاستامۆنوسپۆر دوو خاڵی لەدەستدا و کۆی خاڵەکانی لە 70 بووە 71 و ئێستا بە 3 خاڵ لەدوای ئامەدسپۆرە.
هەفتەی داهاتوو یەکلاییکەرەوەیە
رۆژی 14-4-2024 یانەی ئامەدسپۆر دەبێتە میوانی یانەی کاستامۆسپۆر. ئەو دوو یانەیە لە پلەکانی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەی سووری یانە پلەدووەکانی تورکیان.
ئەو دوو یانەیە 3-12-2023 لە ئامەد رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. لەو یارییەدا کاستامۆنوسپۆر بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئامەدسپۆری بردەوە.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا تەنیا دوو یاری دۆڕاندووە کە یەکێکیان لەگەڵ کاستامۆنوسپۆر بوو و ئەوەی دیکەش لەگەڵ مەنەمەن سپۆر بووە.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا چوار یاری ماوە، ئەویش لەگەڵ یانەکانی کاستامۆنوسپۆر، ئیدرسپۆر، سۆماسپۆر و مەنەمەن سپۆر دەبێت.
گرووپی سوور و گرووپی سپی چین؟
لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، یانەکان بەسەر دوو گرووپ دابەشکراون کە 19 یانە لە گرووپی سوورن و 19شیان لە گرووپی سپین.
ئەو یانانە تاوەکو کۆتایی خولەکە بە شێوازی چوون و هاتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و بەگوێرەی کۆی خاڵەکانیان لە ریزبەندیی گرووپەکەدا شوێن دەگرن.
ساڵانە سێ یانەی پلە دووی تورکیا دەبنە پلە یەک. دوای تەواوبوونی خولی یانە پلەدووەکان، یانەیەک دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سوور و یانەیەکیش دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سپی.
ئەم دوو یەکەمە راستەوخۆ دەگەنە خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا. هەروەها دووەمەکانی هەردوو گرووپ (سوور و سپی) رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوە دەچێتە خولی یانە پلەیەکەکان.
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ رکابەرییەکی تووند لەسەر ئەوە دەکات خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا. بەو بردنەوەیەی لە بەرامبەر یانەی ئینەگۆل و بەرامبووربوونی رکابەرەکەی، ئەو یانەیەی دوو هەنگاو لە بوون بە پاڵەوان نزیکتر کردەوە.