کارلۆ ئەنچێلۆتی: ساڵی رابردوو بەرامبەر بە مانچێستەر سیتی بوێر نەبووین

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی، رایگەیاند "ساڵی رابردوو بە کەسایەتی و بە بوێری بەرامبەر مانچێستەر سیتی یارییان نەکردووە". گوتیشی "گوشار و سترێس سووتەمەنین بۆ من".
 
سبەی کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی دەکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا کرد و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە، سەرەتا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەکانی ساڵی رابردوویان، کە لەسەر دەستی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا، قسەی کرد و گوتی "ساڵی رابردوو بە کەسایەتی و بە بوێری بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریمان نەکرد".
 
لێیانپرسی 4 یاریزان مەترسی راگرتنیان لەسەرە بۆ یاریی گەڕانەوە، ئەگەر کارتی زەرد وەربگرن؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئێمە بەهیچ شێوەیەک نیگەران نین، ئەگەر کارتی زەردیان وەرگرت، یاریزانێکی دیکە یاری گەڕانەوە دەکات. هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات".
 
راهێنەری مێرینگێ، باسی پێکهاتەکەی بۆ ئەو یارییە کرد و گوتی "پێکهاتەی سبەی هیچ سوپرایزی تێدا نابێت، گومانم لە یاریزانێک هەیە و سبەی بڕیار دەدەم".
 
ئەنچێلۆتی سەبارەت بە راهێنەری مانچێستەر سیتی، گوتی "پێپ گواردیۆلا راهێنەرێکی گەورەیە و هیچ گومانێکم لەوە نییە".
 
ئینجا پەسنی بێلینگهامی دا و لەبارەیەوە گوتی "جود بێلینگهام چالاکە، لە رووی جەستەییەوە زۆر بەهێزە، گۆڵێکی زۆر تۆماردەکات، بە جوڵەکانی بۆشایی دروست دەکات. تەنانەت لە رووی بەرگریشەوە زۆر یارمەتیمان دەدات".
 
کاتێک لێیانپرسی لە دڵەڕاوکێدای؟ ئەو گوتی "گوشار و سترێس سووتەمەنین بۆ من".
 
کارلیتۆ سەبارەت بەوەی ئەم یارییەی دەبێتە یاریی 200ـەمینی لە چامپیۆنزلیگدا؟ گوتی "گرنگ ئەوەیە باشترین ئەنجام بەدەستبهێنین. کاتێکی تەواومان هەبوو بۆ ئامادەکاری بۆ یارییەکە و دڵنیام سبەی باشترینی خۆمان پێشکێش دەکەین بۆ ئەوەی رکابەری بکەین".