پۆرتۆ دۆڕا و پێپێ دەرکرا

رووداو دیجیتاڵ

 

لە یارییەکی ئاگرینی گەڕی 28ـی خولی تۆپی پێی پۆرتوگال، لەسەر یاریگای دراگاو، یانەی پۆرتۆ بە ئەنجامی 1-2 بە ڤیتۆریا گیمارێش دۆڕا. پێپێی کاپتنیشی بە کارتی سوور دەرکرا.
 
یانەی میوان لە خولەکی 12 گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، کاتێک گالینهۆی هێرشبەری پۆرتۆ بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە.
 
لە خولەکی 34 ڤیتۆریا گیمارێش پێشکەوتنەکەی کردە دوو گۆڵ، کاتێک جۆتا سیلڤای توانی تووڕی گۆڵپارێزەکەی پۆرتۆ بهەژێنێت.
 
تیپەکەی راهێنەر کۆنسێساو پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم، سەرکەوتوو بوو لە کەمکردنەوەی جیاوازییەکە لە رێگەی گالینۆشەوە.
 
پاشان پۆرتۆ ناچاربوو بە 10 یاریزان یارییەکە تەواو بکات، دوای ئەوەی پیپێە بەرگریکاری قاڵ بە کارتی سوور دەرکرا، بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر ناوبژیوان.
 
بەم ئەنجامە یانەی پۆرتۆ لەم وەرزەدا تووشی شەشەم دۆڕان بوو لە خولەکەدا، بەڵام بە کۆکردنەوەی 58 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەی پاراست. لە کاتێکدا ڤیتۆریا بۆ 56 خاڵ لە پلەی پێنجەمدایە.