سەرۆکی ڤێنزویلا: مارادۆنا کوژراوە

08-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نیکۆلاس مادۆرۆ دیێگۆ مارادۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، سوپرایزێکی گەورە ئاشکرا دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە دیێگۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی جیهان نەمردووە، بەڵکو بە پیلانێکی داڕێژراو کوژراوە.
 
سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە هاوڕێیەکی نزیکی مارادۆنا بوو، رایگەیاند کە بۆچوونێکی جیاوازی هەیە سەبارەت بە مردنی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا و پێیوایە کوژراوە. ئەو دەڵێت "مارادۆنا کوژرا، لەبەرئەوەی دژی فاشیستەکان بوو".
 
مادۆرۆ کە میوانی بەرنامەی پۆدکاستی مادورۆ بوو لە کاراکاسی پایتەخت، بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەموو شتێک پلانی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی فاشیزم بچێتە سەر دەسەڵات لە ئەرجەنتین و گوتی "رۆژێک پێش مردنی، قسەم لەگەڵ مارادۆنا کرد و پێمگوت: دیێگۆ، وەرە بۆ ڤەنزوێلا، ئێمە لێرە ئاگاداری تۆ دەبین. دیێگۆ سەیرکە مرۆڤی زۆر خراپ هەیە، فاشیستەکان وازت لێناهێنن، چونکە تۆ دەنگی ئەو کەسانەی کە لە نادادپەروەری یاخی دەبن. هەندێک شتتان گوت کە کەس بوێری ئەوەی نەبوو بیڵێت".
 

ئەو سەرۆک وڵاتە، زیاتر دەڵێت "ئەوان پیلانێکیان رێکخست بۆ کۆتاییهێنان بە هێماکانی ئەرجەنتین. سەرەتا بە دیێگۆ مارادۆنا دەستیانپێکرد، من دڵنیام لەوە. پاشان ویستیان کۆتایی بە کریستینا کیرشنەری سەرۆکی پێشووی ئەرجەنتین بێنن، دەیانویست بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو خانمە بکوژن".
 
کیرشنەر، سەرۆکی پێشووتری ئەرجەنتین بووە، چەپە و دوای 7 ساڵ لە جێهێشتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەرجەنتین، بە تۆمەتی گەندەڵی درایە دادگا و شەش ساڵ سزای زیندانییان بۆ دەرکرد و بۆ هەتا هەتایە نابێت کاری سیاسی بکات، کە سەرەڕای ئەوەش هێشتا وەک کەسایەتییەکی سەرەکی و کاریگەر لە سیاسەتی ئەرجەنتیندا دەمێنێتەوە. بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی کراون. 
 
مادۆرۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندجارێک هەوڵی تیرۆرکردنی کریستینا کیرشنەر دراوە و مارادۆناش چەندینجار باسی خەمەکانی ژیانی لەگەڵ خۆیدا باسکردووە.
 
سەرۆک مادۆرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی وایە رۆژێک راستییەکانی سەبارەت بە مارادۆنا ئاشکرا دەبن و دڵنیایە کە جارێکی دیکە فاشیزم لە ئەرجەنتین تێکدەشکێت.
 

دیێگۆ مارادۆنا لە 30ـی تشرینی یەکەمی 1960 لەدایکبووە، لە تشرینی یەکەمی 2020 تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، رەوانەی نەخۆشخانە کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، دوای دوو هەفتە و لە 11ـی تشرینی دووەم لە نەخۆشخانە دەرچوو، دواتر لە 25ـی تشرینی دووەمی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
بەپێی سەرچاوە جیهانییەکان، ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێ نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کرابوو. پارێزەرەکەی ئەوکات باسی لەوە کرد، ئەو یاریزانە هۆگری خواردنەوە کحولییەکان بووە و بەردەوام چارەسەری بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە.
 
لە ساڵی 1996 دیێگۆ مارادۆنا، بەئاشکرا رایگەیاند "هۆگری ماددەی هۆشبەرم و هەمیشەش هۆگری دەبم". لە ساڵی 2004 جەڵتەی دڵ لێیداوە، ساڵێک دواتر ناچاربوو نەشتەرگەری بکات، لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە تەندروستیی تێکچووە و چووەتە نەخۆشخانە. مارادۆنا لە ساڵی 2004ـەوە خواردنەوەی کحولی دەخواتەوە.
 
بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە ساڵی 2017 مارادۆنا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، ماوەی 13 ساڵە دەستی لە ماددەی هۆشبەر هەڵگرتووە.
 
لە ساڵی 1986 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانیویەتی جامی جیهانی بەدەستبهێنێت. یاریی بۆ هەریەکە لە یانەکانی بۆکا جونیۆرز، ناپۆلی و بارسێلۆنا کردووە و لەسەر ئاستی جیهان هەوادارێکی زۆری هەیە و بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، تەنانەت بەشێکی زۆری هەوادارانی تۆپی پێ ئەو بە باشترین یاریزانی مێژوو لە قەڵەم دەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە