یەکەم یاریی ریال مەدرید دوای کلاسیکۆ قورسە

08-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوەی یاریی کلاسیکۆ و گەیشتنی بە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، جارێکی دیکە ریال مەدرید لە لالیگادا خۆی بۆ یارییەکی قورس ئامادەکردووە.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی لالیگا، یانەی ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیا لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ڤیاریال دەکات، یانەی شاهانە جگە لە فێرلان مێندی کە پێکانی هەیە سەرجەم یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە ئامادەن و چاوی لە بردنەوەی سێ خاڵی دیکەیە بۆ درێژەدان بە رکابەریکردنی بارسێلۆنا، بەتایبەت کە یاریزانەکانی دوای بردنەوەی کلاسیکۆ ورەیان بەرزترە.
 
ریال مەدرید لە دوایین 4 یاریی لالیگادا بەرامبەر ڤیاریال تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، رکابەرەکەی لە 5 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە.
 
کیکێ سیتێن متمانەی زۆری بە تیپەکەی هەیە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بە ئەنجامێکی باشەوە یارییەکە تەواوبکەن.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "یاریزانەکانم دوای کلاسیکۆ هەندێک ماندووبن، بەڵام هیچ کێشەیەک نییە و ئەوان ئامادەن، رەنگە زۆر کەس پێیانوابێت کە ئێمە بیر لە بردنەوەی لالیگا ناکەینەوە، بەڵام لە راستیدا من بیری لێدەکەمەوە."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە