مانچێستەر یونایتد داوای یاریزانێکی بارسێلۆنا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی یانەی بارسێلۆنا دەستپێکردووە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بیباتە ریزەکانی.
 
کارگێڕیی یانەی مانچێستەر یونایتد بە تواناکانی ئانسو فاتی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا سەرسامە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بەتایبەت کە یاریزانەکە لەگەڵ بارسێلۆنا بارودۆخی باش نییە و کەمتر بەشداریی لە یارییەکانی یانەکەدا هەیە.
 
پێشتر خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە هۆشداریی داوەتە بارسێلۆنا کە ئەگەر گرنگی بە یاریزانەکە نەدەن فاتی لە بارسێلۆنا دەڕوات، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەریش باوکی یاریزانەکە بەهۆی یاریی پێنەکردنی کوڕەکەی لەلایەن بارسێلۆناوە، هێرشیکردە سەر یانەکە و ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.
 
ئانسو فاتی تەمەنی 20 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 2027 کۆتاییدێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 35 ملیۆن یۆرۆ.
 
هەواڵی گرنگی پێدانی یانەی مانچێستەر یونایتد بە ئانسو فاتی لەکاتێکدایە، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ئێلچی گوتی "فاتی یاریزانێکی گرنگە و داهاتووی تیپەکەیە، ئەو پێشکەوتووە و بەباشی کاردەکات بۆ ئەوەی زیاتر ئاستی بەرزبکاتەوە."
 
ئانسو لە ساڵی 2019ـەوە لە تیپی یەکەمی بارسێلۆنا یارییدەکات، یاریزانەکە لە 66 یارییدا 19 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە، دوایین گۆڵیشی لە یاریی بەرامبەر یانەی ئێلچی بوو لە گەڕی 27ـی لالیگا.