ئەستێرەکانی بالەی عێراق دەچنە سلێمانی

08-04-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی بالەی نایابی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بڕیاریدا رۆژی دووشەممە یارییەکانی قۆناخی دووەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی بالەی نایابی عێراق لە شاری سلێمانی دەست پێبکەن. 
 
یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، وەرزی ئەمساڵ بە بەشداری یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی، شورتە لەگەڵ غازی جنووب بەڕێوەدەچن، هەر یانەیەک زۆرترین بردنەوە و خاڵ کۆبکاتەوە جامی خولەکە بەرز دەکاتەوە. 
 
لە دەستپێکی قۆناخی دووەمدا کە یارییەکان لەنێو هۆڵی داخراوی پێشمەرگە بەڕێوەدەچن یارییەکان بەمشێوەیە دەبن: 
 
غازی جنووب - هەولێر کاژێر 9ـی شەو 
پێشمەرگەی سلێمانی - شورتە کاژێر 11ـی شەو  
 
سەلمان رەزوقی، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەم لە ئامادەکارییەکی زۆرباشدایە و لە قۆناخی یەکەمی چوارگۆشەی زێڕین توانیمان لە یانەکانی شورتە و غازی جنووب ببەینەوە، ئەمساڵ دەمانەوێت لەسەر سەکۆی نازناو بین". 
 
یانەی هەولێر و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوو تیپی کوردستانن لە قۆناخی چوارگۆشەی زێرینی خولی نایابی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە