لامپارد هەلی دووەمی پێدرا و جارێکی دیکە بەختی خۆی تاقیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فرانک لامپارد گەڕایەوە چێڵسی، گەڕانەوەیەک کە پاش چەندین مانگ لە دڵەڕاوکە و بێمتمانەیی و دوودڵی لە یانەکە و لە ئەنجامەکانیدا روودەدات.
چێڵسی لە دوای دوورخستنەوەی گراهام پۆتەر، کە چەند مانگێکی خراپی لەگەڵ تیپەکەدا بەڕێکرد و ئەنجامەکانی لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، جارێکی دیکە پەنای بردەوە بەر گۆڕینی راهێنەر. پۆتەر دوورخرایەوە و لە کۆتاییدا کارگێڕیی یانەکە پەنای بۆ فرانک لامپارد، یەکێک لە ئەفسانە مێژووییەکانی یانەکە بردەوە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی و تاوەکو کۆتایی وەرز.
لامپارد ئەمە دووەمجارە بەختی خۆی لە مەشقدانی چێڵسی تاقیدەکاتەوە، ئەو پێشتر لە مانگی حەوتی ساڵی 2019دا مەشقدانی یانەکەی پێدرا، بەئومێدی دووبارەکردنەوەی ئەو تاقیکردنەوە ناوازەیەی لە ئیسپانیا هەریەکە لە پێپ گواردیۆلا و زینەدین زیدان لەگەڵ یانەکانی پێشوویان لە جیهانی مەشقداندا بەدەستیان هێنابوو.
ئەوکاتەی لامپارد چووە سەر هێڵی مەشقدانی چێڵسی، تەمەنی تەنیا 41 ساڵ، بەرپرسانی یانەکە پێیانوابوو ئەفسانە و یاریزانێکی وەفاداری تیپەکەیان کە رۆژە ناوازەکانی سەرکەوتنی خۆی لەگەڵ چێڵسیدا تۆمارکردبوو، دەتوانێ ئەزموونە ناوازەکەی راهێنەرە لاوەکان لەگەڵ یانەکەدا بگەیەنێتە ئەنجامی باش و بردنەوەی نازناوەکان، بەڵام لە کۆتاییدا کۆشکی خەونەکانی سەرکەوتنی لامپارد و بلووز، هەرزوو داڕمان.
شکستی لامپارد لە چێڵسی، بووە پاڵنەر بۆ زوو دوورخستنەوەی ئەو لە مەشقدانی یانەکە، تەنیا 84 یاری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، هەموویان گەیاندە ئەو بڕوایەی کە فرانک، ناتوانێ لەگەڵ ئەو پێکهاتە پڕ ئەستێرەیەی ئەوکاتی چێڵسیدا هیچ بە هیچ بکات، هەر بۆیە رۆژی 23ی مانگی یەکی ساڵی 2022، بووە ساتی وەدەرنانی ئەو راهێنەرە لە یانەکە.
ئێستا لامپارد جارێکی دیکە لەگەڵ یانەکەدا دەستبەکاردەبێتەوە، ئەمجارە بە هەموو کلۆجێک ئەرکەکە قورسترە لە جاری پێشوو.. چونکە دوای لامپارد لە چێڵسی، تۆماس توخێل هات و چامپیۆنزلیگی بردەوە.. پاشانیش خاوەنە ئەمریکییەکانی یانەکە بوونە شوێنگرەوەی رۆمان ئابرامۆڤیچی خاوەنی پێشوو و ئەوان نزیکەی پێکهاتەیەکی تەواویان لە یاریزانی نوێ هێنایە ریزی تیپەکەوە و ئەو یاریزانانە، نەبوونە هۆکارێک بۆ گەیشتنی تیپەکەی ژێر دەستی گراهام پۆتەر، بە سەکۆی نازناوەکان، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لەگەڵ پۆتەردا، تیپەکە بە ئەستێرە نوێیەکانیشییەوە، بەرەو داڕووخانی زیاتر و زیاتر هەنگاوی دەنا.
لامپارد گەرچی ماوەی چەند مانگێکی کەم مەشقی تیپەکە دەدات و یەکەم یاریشی ئەمڕۆ لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر ولڤێرهامتۆنە و ئەمە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەمان ئەو رووداوانەیە کە لە ژیانی تۆماس توخێلدا لەسەرەتای کارکردنیەوە روویاندا و لە کۆتاییدا تیپەکەیان کردە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، بەڵام پێناچێ سیناریۆکە وا بەئاسانی بەدیوێکی دیکەشدا دووبارە ببێتەوە، چونکە ئەمجارە کێشەیەک و دووان و سیان لە تیپەکەدا هەن و چارەکردنیان کارێکی ئاسان نییە.