سەرۆکی یۆفا رەخنەی تووند لە مارتینێز دەگرێت و پەیامێکیش بۆ مێسی دەنێرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەلێکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا هێرشدەکاتە سەر گۆڵپارێزی ئەرجەنتین و دەڵێت "رێزگرتن لە ئێمباپێ ئەرکی لیۆنێل مێسییە."
 
سەرۆکی یۆفا باس لە هەڵسوکەوتەکانی ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا و دەڵێت "پێویستبوو لیۆنێل مێسی رێگەنەدات مارتینێز بەو شێوەیە مامەڵە بکات و پێی بڵێت ئەو کارە نەکات، بۆ ئەوەی هەندێک رێز بگرێت."
 
چێفرین هێشتا قسەیکردووە و لەبارەی گاڵتەجاڕییەکەی مارتینێز بەرامبەر ئێمباپێ گوتی "مێسی بەدرێژایی ساڵ لەگەڵ ئێمباپێ یارییدەکات، لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا کاردانەوەکانمان بینی، تێناگەم بۆچی بەشێوەیە مامەڵە بەرامبەر ئێمباپێ کرا، من بەوە سەرسام نەبووم و ئەوە هیچ گیانێکی وەرزشیی تێدانییە."
 
لەگەڵ ئەوەی رەخنە لە شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دەگرێت، بەڵام چێفرین ستایشی ئاستبەرزیی گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکەش دەکات و دەڵێت "کاری زۆرباشی کردووە، بەڵام کاردانەوەکەی شتێکی زۆر سەرەتایی بوو."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ درێژەی دایە قسەکانی و گوتی "پێویست ناکات بەمشێوەیە دەربکەویت کە مۆندیالت بردووەتەوە، ئەوە شتێکی زۆر سەرەتایی بوو و دەبووایە وەک گەورەکان دەربکەوێت، تۆ گۆڵپارێزێکی نایابیت، بەڵام کەسێکی باش نیت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا کە لە پەرتووکی "Messi Nico"ـدا بڵاوکراونەتەوە سەرۆکی یۆفا دووپاتیدەکاتەوە کە ئەگەر مارتینێز نەبووایە ئەرجەنتین نەدەگەیشتە قۆناخی هەشتی مۆندیالیش.
 
ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022 ئاهەنگێکی دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکانی بەرامبەر هاندەران و میدیای جیهان ئەنجامدا، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و گۆڵپارێزەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.