یانەی هەولێر رکابەری لەسەر نازناوی پایسکلسواری عێراق دەکات

رووداو دیجیتال 

پاڵەوانێتی پایسکلسواری یانەکانی عێراق لە شاری دیوانییە بە سەرکەوتنەکانی یانەی هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد. 

کێبرکێکانی وەرزی ئەمساڵ بە بەشداری 35 یانەیە و بە 3 قۆناخ تەواو دەبێت، رکابەرییەکانی قۆناخی یەکەم لە شاری دیوانییە، بۆ ماوەی دوو رۆژ بەسەرپەرشتی یەکێتیی پایسکلسواری عێراق بەردەوامدەبێت. 

لە کێبرکێی تاکی بەکۆمەڵ بۆ ئاستی پێشکەوتووان، کە ماوەکەی 100 کیلۆمەتر بوو، یانەی سناعە پلەی پێشەنگی بردەوە، یانەی هەولێر پلەی دووەمی وەرگرت و یانەی کۆیە لە پلەی سێیەم هات. 

ململانێی ئاستی لاوان ماوەکەی 80 کیلۆمەتر بوو، یانەی سناعە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، یانەکانی دهۆک و موستەقبەل ئەلشەرق لە پلەکانی دووەم و سێیەم هاتن.

ئەمڕۆ کێبرکێی تاک دژی کاژێر لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، کە ماوەکەی 25 کیلۆمەترە بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

موسا موحسین، جێگری سەرۆکی یەکێتیی پایسکلسواری عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ ئاستبەرزی کوڕانی یانەی هەولێر بووەتە مایەی سەرنجی هەموو شارەزایانی پایسکلسواری عێراق، هەروەها ئێمە دڵخۆشین بە پێگەیشتنی ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرز".

بڕیارە دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ئەمساڵ یارییەکانی قۆناخی دووەم لە شاری هەولێر بەڕێوەبچن، هەروەها یارییەکانی قۆناخی یەکەمی کچانیش لەو وادەیە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەسپێتدەکات.