رووداو دیجیتال
یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق، لە شاری بەغدا بە سەرکەوتنی یانەکانی بەحری و غازی باشوور دەستیپێکرد.
یارییەکانی قۆناخی کۆتایی بە بەشداری هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، بەحری، غازی باشوور، شورتە لەگەڵ جەیش لەنێو هۆڵی داخراوی شەعب لە شاری بەغدا بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەڕێوەدەچێت، هەر یانەیەک زۆرترین بردنەوە و خاڵ کۆبکاتەوە دەبێتە پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی خولەکە.
یاری کردنەوەی ئەم قۆناخە لە نێوان یانەی غازی باشوور و جەیش بوو، یانەی غازی باشوور لە یانەی جەیشی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە گێمێک بردەوە.
نەوزاد شێرزاد، یاریزانی کوردی یانەی جەیش لەبارەی ئاستی تیپەکەیان لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، رایگەیاند "لە رووی گونجانەوە تیپەکەمان کێشەی هەبوو، یاریزانەکانمان وەک پێویست گوێڕایەڵی رێنماییەکانی راهێنەر نەبوون، بەهیواین لە یارییەکانی داهاتوودا باشتر یاری بکەین و سەرکەوتن بەدەستبێنین".
یانەی بەحری کە تاکە یانەی عێراقە پلەی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای لە بالە بەدەستهێناوە، کوڕانی بەحری بە 3 گێمی خاوێن لە یانەی شورتەیان بردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە یانەی بەحری رووبەڕووی یانەی جەیش دەبێتەوە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەش یاری لەگەڵ یانەی غازی باشوور دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ