بۆچی گریزمان ئامادەی مەشقەکانی ئەمڕۆی بارسا نەبوو؟

رووداو دیجیتال 

ئامادەنەبوونی ئانتوان گریزمانی یاریزانی فەرەنسی لە راهێنانەکانی ئەمڕۆی یانەی بارسێلۆنا، بۆ خۆئامادەکردن بۆ یاریی کلاسیکۆ پرسیارگەلێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام هۆکارەکەی پەیوەندی بە پێکانەوە نەبوو، هۆکارەکەی کۆمەڵایەتی بوو.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاشکرایانکرد بۆچی ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری بارسێلۆنا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە مەشق و راهێنانە بەکۆمەڵەکانی تیپەکەی ئامادە نەبووە، و دووپاتیانکردەوە کە هۆکارەکەی تەنیا کۆمەڵایەتییە و رۆناڵد کۆمانی راهێنەر مۆڵەتی پێداوە.

بارسێلۆنا رۆژی شەممەی داهاتوو، له گەڕی 30ـی لالیگادا، دەچێتە مەدرید بۆ ئەوەی لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید بکات.

بەپێی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، گریزمان بەیانی ئەمڕۆ لە مەشقەکە بەکۆمەڵەکانی بارسێلۆنادا دەرنەکەوتووە، مۆڵەتی لە ستافی تەکنیکی یانەکەی بە سەرۆکایەتی رۆناڵد کۆمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوژینەکەیدابێت لە نەخۆشخانە.

ئەوە سەرچاوانە، دەڵێن "گریزمان داوای مۆڵەتی کردبوو بۆ ئەوەی لە تەنیشت هاوژینەکەیەوە بێت کە منداڵی سێیەمی خۆی دەبوو، بۆیە بەو هۆکارەوە ئامادەی مەشقەکان نەبوو".

رۆژنامەکانی ئیسپانیا، ئاماژەی بۆ ئەوە دەکەن کە بڕیارە رۆژی هەینی گریزمان لە بارسێلۆنا دەربکەوێتەوە و بەشداری لە ئامادەکارییەکانی بلاوگرانا بۆ کلاسیکۆ بکات.

بارسا بڕیارە رۆژی هەینی بەردەوام بێت لە مەشقەکانی، دواتر رۆناڵد کۆمان راهێنەری هۆڵەندی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەردەکەوێت بۆ قسەکردن لەسەر ئەو یارییە.