کۆرۆنا ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێبەش دەکات

رووداو - هەولێر

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی دووپاتیکردەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە رێگە بە یانەی ریال مەدرید نەدات یارییەکانی لەسەر یاریگەی خۆی ئەنجام بدات.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی رایگەیاند، ئەگەر ماوەی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بچنە مانگەکانی هاوین، ریال مەدرید ناتوانێت یارییەکەنی خۆی لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدات، چونکە ئەو یانەیە لە هاویندا پلانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەی بەدەستەوەیە و ناتوانێت کارەکە دوابخات.

سپۆرت هەروەها دەڵێت "ریال مەدرید ناچارە لە هاویندا یاریگەکەی نۆژەن بکاتەوە و بنمیچەکەی بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر یارییەکانی لالیگا بچنە هاوین، ریال مەدرید ناتوانێت لەسەر یاریگەکەی یاری بکات".

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە ئەوکات ریال مەدرید ناچار دەبێت بۆ خۆی بەدوای یاریگەیەکی دیکە لە مەدریدی پایتەخت بگەڕێت، بۆ ئەوەی یارییەکانی تێدا ئەنجام بدات.

سپۆرت روونیکردەوە، ریال مەدرید یان دەبێت یارییەکانی لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ ئەنجام بدات، یان دەبێ داوا لە یانە رکابەرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بکات رێگەی پێبدات یارییەکانی لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆدا بکات.

ئەو رۆژنامەیە، دەشڵێت "ریال مەدرید دوو بژاردەی دیکەشی لەبەردەستدایە، یەکێکیان یاریگەی یانەی لێگانیسە و ئەوەی دیکەش یاریگەی یانەی خیتافییە".

سەرجەم خولەکانی تۆپی پێی ئەوروپا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ کاتێکی نادیار دواخراون و تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک دیارنەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەیان.