چاڤی دان بە هەڵەکانیدا دەنێت

08-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، کاپتن و راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، دووپات دەکاتەوە کە خۆشەویستیی زۆری ئەو بۆ بارسێلۆنا زیانی پێگەیاندووە. گوتیشی "بە بوونی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ شایەنی باڵۆن دۆر نەبووم".
 
چاڤی باس لەوە دەکات کە بووە راهێنەری بارسێلۆنا و دەڵێت "بارسا پێشتر دووجار پەیوەندی پێوەکردم، پێش ئەوەی لاپۆرتا پەیوەندیم پێوە بکات، بەڵام هەستم دەکرد کە هێشتا بەتەواوی ئامادە نیم". 
 
ئەو زیاتر دەڵێت "دان بەوەدا دەنێم کە کە لەڕووی لە بەڕێوەبردندا هەندێک هەڵەم کردووە. رۆیشتنی بوسکێس ناچاری کردین بیر لە شێوازێکی دیکەی یاریکردن بکەینەوە".
 
هەروەها دەڵێت "بڕیارمدا لە هێڵی ناوەڕاست بە سێ یاریزان یاری بکەم، بەڵام هەمیشە باشترین بژاردە نەبوو".
 
چاڤی لەگەڵ ئەوەشدا شانازی بە کاروانی راهێنەرایەتی خۆی لەگەڵ بارسا دەکات و دەڵێت "جگە لە نازناوەکان، شانازی بەوە دەکەم کە متمانەم بە نەوەیەکی نوێی وەک فێرمین لۆپێز، لامین یامال، پاو کۆبارسی و ئەلیخاندرۆ باڵدێ داوە، کە ئەوان داهاتووی یانەکەن.
 
ئەو دووپات لەوە دەکاتەوە کە خۆی پێ سەرکەوتووبووە لەگەڵ بارسیلۆنا، چونکە یانەکە لەسەردەمی ئەودا لە یەکێک لە خراپترین قۆناخەکانی مێژوودا بوو.
 
راهێنەری پێشووی بارسا، دەڵێت "چاوەڕوانییەکان زۆر زۆر بوون بەهۆی مێژووی من لەگەڵ بارسا. هەر بۆیەش لەوانەیە خۆشەویستی زۆرم بۆ بارسا هەندێکجار ئازاری دابم، هەندێکجار لایەنی سۆزداریم بەسەردا زاڵ دەبوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەم ئەزموونە ئەزموونێکی فێربوونی راستەقینە بوو بۆ من".
 
چاڤی هێشتا قسە لەسەر ئەوە دەکات کە وەک راهێنەر لەگەڵ بارسا سەرکەوتووبووە و دەڵێت "یەکەم ساڵ و نیوم لەگەڵ بارسا زۆر باشبوو. لەگەڵ ماتێو ئەلیمانی و جۆردی کرۆیف پڕۆژەیەکمان هەبوو، لە لالیگادا پلەی دووەممان بەدەستهێنا، دواتر خولەکە و جامی سوپەری ئیسپانیامان بردەوە.  بەڵام دواتر ئەنجامەکانمان بەرەو خراپی رۆیشتن". 
 
کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، باسی لەوەش کرد کە وەک یاریزان مۆندیال، یۆرۆ و چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و گوتی "دەمەوێت وەک راهێنەریش ئەو سێ نازناوە ببەمەوە".
 
ئەو باسی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و سەردەمی زێڕینی هەڵبژاردەی لارۆخا دەکات و دەڵێت "نەوەی ئیسپانیا لە 2008 تاوەکو 2012 مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیای گۆڕی و بۆ هەمیشە تیپی ئەوکاتەمان لەیادەوەری خەڵکیدا دەمێنێتەوە، وەک یەکەم نەو مۆندیالمان بۆ ئیسپانیا بردەوە، لەکاتێکدا پێشتر گەیشتنمان بە چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال دەستکەوتێکی گەورەبوو".
 
لەو هەڤپەیڤینەدا لێیانپرسی چی دەڵێیت لەسەر ئەوەی باڵۆن دۆرت بەدەستنەهێناوە؟ چاڤی لە وەڵامدا گوتی "لەو سەردەمەدا من خۆم پێ لە مێسی و کریستیانۆ باشتر نەبوو، کە براوەی باڵۆن دۆرەکانی ئەو سەردەمە بوون، من بەتەنیا توانای یەکلاییکردنەوەی یارییەکانم نەبوو، بەڵام شانازی دەکەم کە سێجار پلەی سێیەمم بەدەستهێناوە، بەڵام خۆزگە تۆپێکی بڕۆنزی بە پلەی سێیەمیش دەدرا بۆ ئەوەی وەک یادگاری لای خۆمان هەڵیبگرین".
 
ئەو باسی ئەو وێنەیەشی کرد کە لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆردا لەگەڵ مێسی و ئینێستا گرتوویەتی و گوتی "زۆر شانازی بەو وێنەیەوە دەکەم، کە مێژوویی و باوەڕپێنەکراوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە