رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئینگلتەرا دەستپێدەکەن، یاریی لووتکەی ئەم گەڕەکە لەنێوان خاوەنی پلەی سێیەم و چوارەمی ریزبەندی خولەکە دەبێت.
لە دەستپێکی یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، یانەی مانچێستەر سیتیی چوارەمی ریزبەندی خولەکە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نۆتینگهامی سێیەمی ریزبەند یاری دەکات و هەردوولا رکابەری لەسەر پلەی سێیەم دەکەن.
مانچێستەر سیتی دوای کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگدا، هەموو ئامانجی گەیشتنە بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای وەرزی داهاتوو، بۆ ئەوەش دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەم سێ خاڵە بباتەوە و پلەی سێیەم لە نۆتینگهام وەربگرێت، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە، بەتایبەت کە یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات و نۆتینگهامیش لەم وەرزەدا تیپێکی بەهێز و رێکخراوە.
نۆتینگهام لە دوایین چوار یارییدا لە پرێمەرلیگدا هیچ بردنەوەیەکی نییە، یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی سێ خاڵ بباتەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە بۆ چوار خاڵ بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا جیاوازییەکەیان تەنیا یەک خاڵە.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی بەر لە یارییەکە دەڵێت "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکەین، بەڵام ئەگەر لە چوار تیپی پێشەنگی ریزبەندی خولەکەش نەبین و نەگەینە چامپیۆنزلیگ کۆتایی دونیا نییە."
دوای ئەم یارییە چەند یارییەکی دیکە دەکرێن، لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە میوانداریی یانەی ساوسامپتۆنی خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەند دەکات و دەیەوێت زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا نزیکببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ