ئەمرۆ کلاسیکۆیە و هەزاران هاندەر چاوەڕێن

08-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کلاسیکوی کوردستان خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمرۆ ئێوارە یاریی کلاسیکۆی کوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و دهۆک چاوی هاندەران دەبەنە سەر یاریگەی فرانسۆ هەریری، بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا رووبەڕووی یەکببنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 17:00 بەڕێوەدەچێت، راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک بە کۆمێنتاریی عەبدولسەمەد خۆشناو دەگوازرێتەوە.
 
هەزاران هاندەری هەردوو یانەی هەولێری خاوەن یاریگە و دهۆکی میوان، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی یارییەکی دیکە لەنێوان هەردوو یانە مێژووییەکەی باشووری کوردستان و خولی عێراق ببینن.

هەردوو یانە رۆژی پێنجشەممە دوایین ئامادەکارییەکانیان لەسەر چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا، لە ریزەکانی یانەی هەولێر محەممەد قاسم، گۆڵکاری یانەکە بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ، بەشداریی لە مەشقەکاندا نەکردووە و بۆ یارییەکە ئامادەنییە.
 
لە ریزەکانی یانەی دهۆک، هەریەکە لە زیاد ئەحمەد و سیابەند عەگید، پێکانیان هەیە و بەشداری لەم یارییە گرنگەی یانەکەیاندا ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو یانە دەیانەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵ هاندەرانیان دڵخۆشبکەن.

 

حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئامادەکاریمان بۆ یاری دهۆک زۆر باشە و هەروەکو دەزانن لە دوایین یاری تووشی شکستبووین، لە راستیدا ئەگەر سەیری یارییەکە بکەین ئێمە باشتر بووین لە حدوود، ئێمە ستەممان لێکراوە و لەگەڵ بەڕێوەبەری تیپ قسەمکرد بۆ ئەوەی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لەم ستەمە ئاگادار بکاتەوە، لەبەرئەوەی چەند خۆمان ماندوو بکەین بەیەک هەڵەی ناوبژیوان هەموو هەوڵەکانمان بە هەدەر دەڕوات، هەموو یاریزانەکانمان لە بارودۆخێکی باشدان و تەنیا محەممەد قاسم نەبێت کە دووەم یارییە بەهۆی پێکان ناتوانێت ئامادەبێت، بەڵام دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین."
 
عەلی وەهیب یاریدەدەری راهێنەری یانەی دهۆک لەبارەی ئامادەکارییەکانی یانەکەی بۆ یاریی بەرامبەر هەولێر دەڵێت "بیرکردنەوەی یاریزانی عێراقی لەگەڵ بیرکردنەوەی یاریزانی پیشەگەر زۆر جیاوازە، یاریزانە پیشەگەرەکان هەموو یارییەک بە یەک ئاستن، بەڵام ناوخۆییەکان سەیر دەکەین بەرامبەر زەوڕا و جەوییە باش یاری دەکەن، کەچی هەندێک یاری وا هەیە کە شایستەی بردنەوەین کەچی ناتوانن ئاستی راستەقینە پێشکەش بکەن، هیوادارم  بە یەک تیم یاری بکەین، ئێمە لە رووی هونەری و دەروونییەوە تیپەکەمان بەشێوەیەکی باش ئامادە کردووە بۆ بردنەوە، هەرچەندە ماندووین بەهۆی زۆری گەشتەکەمان و یارییەکان لەگەڵ ئەوەشدا چاوممان لە سێ خاڵی یارییەکەیە."

 

 
یانەی دهۆک لەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە 18 یارییدا 8 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 6 دۆڕانی هەیە و بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی هەولێر یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە و لە 17 یارییدا، 5 بردنەوە، 5 یەکسانبوون و 7 دۆڕانی هەیە و بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە