کلینسمان گەیشتە کۆریا و دەڵێت بۆ بردنەوەی جامی ئاسیا هاتووم

 
رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کیلنسمان، راهێنەری بەنێوبانگی ئەڵمانی لەنێو پێشوازییەکی گەرمدا گەیشتە سیئول، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور وەربگرێت.
 
کیلنسمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 05:00 گەیشتە فرۆکەخانەی ئانشیۆنی نێودەوڵەتی و لەلایەن بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوورەوە پێشوازیی لێکرا و وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە ناسێنرا.
 
دوای گەیشتنی بە وڵاتەکە کلینسمان بۆ میدیای کۆریای باشوور قسەیکرد و گوتی "لە راستیدا من سەرپەرشتی هەڵبژاردەیەک دەکەم کە 20 بۆ 25 ساڵی رابردوو کاری زۆرباشی کردووە و لەگەڵ راهێنەرانی بەنێوبانگی وەک گوس هێدینگ، ئۆلی شیلیک و پاوڵۆ بێنتۆ کاریکردووە، ئامانجی ئێمە بردنەوەی جامی ئاسیایە و لە مۆندیالی قەتەردا هەڵبژاردەی کۆریای باشوور ئەوەی سەلماند، کە لە توانایدا هەیە ئەو کارە بکات و بۆ ئەو ئامانجە هاتوومەتە ئێرە."
 
یۆرگن کلینسمان لە شوێنی پاوڵۆ بێنتۆی راهێنەری پۆرتوگالی پۆستی راهێنەرایەتی کۆریای باشوور پڕ دەکاتەوە، یەکەم یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەبێت کاتێک لە 24ـی ئەم مانگە لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.
 
گرێبەستی راهێنەرە ئەڵمانییەکە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوریای باشوور تاوەکو ساڵی 2026 دەبێت کە مۆندیالی ئەو ساڵە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
 
یۆرگن کلینسمان، راهێنەرێکی بەنێوبانگی ئەڵمانییە، تەمەنی 58 ساڵە، پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بایرن میونشن، یونایتد ستەیت و هێرتا بەرلین بووە.