گالتێ باسی نەیمار دەکات و نایگلێسمان هۆشداری دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەر لە یارییە گرنگەکەی ئەمشەویان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەریەکە لە یولیان نایگلێسمان، راهێنەری یانەی بایرن میونشن و کریستۆڤ گالتێ، کۆنگرەی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا و باسیا لە یارییەکە کرد، گالتێ باس لە پێکانی نەیمار و کاریگەریی یاریی نەکردنی ئەستێرە بەرازیلییەکە دەکات و نایگلێسمانیش هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی.
 
یولیان نایگلێسمان، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە لەبارەی یاریی نەکردنی نەیمار قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "یارینەکردنی نەیمار گۆڕانکارییەکی گەورە دروست ناکات، دیارە کیلیان ئێمباپێ لە سەرەتاوە دەستپێدەکات، بەپێچەوانەی یاریی چوون، ئەوەش هەندێک گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
 
راهێنەری هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی و دەڵێت "بیرۆکەی روون و ئاشکرا ئەوەیە کە پاریس بە ئێمباپێ و مێسی هێرش دەکات، کە مێسی حەزدەکات بچێتە نێوان هێڵەکان، تۆپ وەربگرێت و بە یەک لێدان بەرەو پێشەوە بنێرێت، بێگومان ئەگەر هێرشبەرێکی خێرات هەبێت کە من نازانم 37 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبرێت یان زیاتر، دیارە ئەو ئەزموونی لەوە هەیە، بۆیە گرنگە بۆ ئێمە رێگری بکەین لە گەیشتنی تۆپەکە بە مێسی."
 
نایگلێسمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەبێت ئارام بگرین و پەلە نەکەین لە هەوڵدان بۆ بڕینی تۆپ لە هەندێک بارودۆخدا کاتێک ناتوانین ئەوە بکەین، تەنانەت هەموو کات ناتوانین بەرگری لە هەموو شتێک بکەین، بەڵام ئێمە یان سۆمێرمان لە گۆڵدا هەیە و دەبێت ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات، کە ئەوەش بەشێکە لە پرۆسەکە. هەروەها ئێمە هەوڵدەدەین کۆنترۆلی تۆپ بکەین و هەلی گۆڵ دروست بکەین."
 
لەلایەن خۆیەوە کریستۆف گالتێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییە گوتی "دەبێت بەشێوەیەکی بەهێز یاری بکەین، پێویستە بەشێوەیەکی شەڕانگێزانەتر یاری بکەین، کە لە یاری چووندا لەدەستمان دابوو، پێویستمان بە پلانێکی نوێ هەیە، بەڵام گەڕانەوەی کیلیان ئێمباپێ هێزی هێرشبەری زیاترمان پێدەبەخشێت.  پێویستە زیاتر بڕوینە پێشەوە و بەخێرایی تۆپەکە بەدەستبهێنینەوە."
 
گالتێ بەهەمان شێوەی نایگلێسمان باسی لە پێکانەکەی نەیمار کرد و گوتی "هەواڵەکەی نەیمارم بیستووە، هەواڵی پێکانە سەختەکەی هەواڵێکی دڵتەزێنە، یارینەکردنی ئەو دەبێتە کێشە بۆ هەموو تیپەکە، چونکە حەڤدە گۆڵی تۆمارکردووە و یارمەتی هەموو هاوڕێکانی داوە، ئایا ئێمە بەبێ ئەو باشترین؟ ئەو هەمیشە یاریزانێکی پیشەگەر بووە لەگەڵ یانەکەدا، بەڵام لە دوای مۆندیالەوە قۆناخێکی سەختی تێپەڕاندووە، دووبارەی دەکەمەوە، حەڤدە گۆڵی تۆمارکردووە، ئایا تیپەکە هاوسەنگترە بەبێ ئەو؟ لەوانەیە بەڵێ بەبێ ئەو هاوسەنگی زیاترە، بەڵام ئایا بەبێ ئەو باشترە؟ وەڵامەکەی نەخێرە، چونکە هەمیشە نەیمار زیادەیەکە، یاریزانێکی وەک نەیمار هەمیشە دەتوانێت گۆڵی زیاتر تۆماربکات."